د. چیمەن بارزانی: پارتی دەبێتە هاوپەیمانێكی سەرەكی لە پڕۆسەی بڕیاردان لە بەغدا

:: PM:06:02:07/10/2025 ‌
د. چیمەن بابەكر بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وەك وەفایەك بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر و لەسەر ڕێنوێنی و فەرموودەكانی سەرۆك بەردەوام دەبین لە خەبات و كاركردنمان وەكو نوێنەری گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و لەسەر سێ پرەنسیپ (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان).

• دەگوترێ‌ ئەوەی لە رابردوودا پارێزگاری لە كورد كرد لە رووی دیپلۆماسی و داراییەوە پارتی بووە، ئایا لەسەر ئەو پڕەنسیپە بەردەوام دەبن؟ 
بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پێویستە ئەم جارە ستراتیجییەتی كورد لە بەغدا بەباشی دابڕێژرێت و لەسەر بنەمای واقیعی دابنرێت كە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییەك بێت لەنێوان بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقێكی یەكگرتوو و دیموكرات.
ئەم ستراتیجە پێویستی بە هاوئاهەنگی هێزە سیاسییە كوردییەكانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، تا بتوانێت هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی تر دروست بكات بەمەبەستی كاریگەری لەسەر بڕیاردانی سیاسی و ئابووری بەشێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی تر لە عێراق بكات. پێویستە نوێنەرانی گەلی كوردستان بەردەوام بن لە پابەندبوون بە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان وەك لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەتایبەتی لە ڕووی فیدرالیزم و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی و پاراستنی مافەكانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێم، هەڵوێستیان لە بەغدا دەبێت پتەو بێت لە داكۆكیكردن لەو مافانە لە ڕێگەی دانوستان و گوشاری سیاسی و پێشكەشكردنی چارەسەری بەردەوام بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ نموونە مادەی 140، شایستە داراییەكانی هەرێم و بابەتی تر لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ. 
پێوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەكان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی هاوپەیمانییەتێكی كاریگەر، تا لەو ڕێگەیەوە پشكی گەورەتر بۆ گەلی كوردستان لە دەسەڵات و بڕیاردان لەسەر ئاستی عێراق مسۆگەر بكرێت.

كاریگەری پارتی چییە؟
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە سەربەخۆ بووە لە بڕیار لەسەر بابەتەكانی پێوەست بە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و مافە نەتەوەییەكانی، نوێنەرایەتییەكی چالاكانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە كارتێكردن لەسەر ئەو یاسایانەی، كە پێوەستن بە ئاسایش و نەوت و گاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، جگە لە پێوەندییەكان لەگەڵ ڕۆژئاوا (بەتایبەتی ئەمەریكا) توخمێكی گرنگە کە لە ستراتیجیی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێویستە كورد سوود لەو پێوەندییانە وەربگرێت تا پشتیوانی نێودەوڵەتی مسۆگەر بكات لە كاتی ڕوودانی هەر تەنگژەیەكدا.

دەڵێن پارتی لە هەر كوێ بێت هێزی كورد لەوێیە؟
بەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەریی سیاسیی بەرچاوی لە بەغدا هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا لەناو هاوسەنگی سیاسی ئاڵۆزدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکى گەورە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو پارتە سیاسییە كوردستانییەكان لە بەغدا پاڵپشتی دیدگای پارتی بكەن و پێكەوە بە یەك دەنگی و كوردستانییانە كار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بكەن، پارتی دیموكراتی كوردستان گەورەترین پارتی سیاسیی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری بەهێزە كە كاریگەری خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بەهێزتر دەكات.
لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق پارتی لەناو نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا نوێنەرایەتییەكی بەهێزی بەدەست دەهێنێت، بۆیە بە هاوپەیمانێكی سەرەكی لە پرۆسەی بڕیاردان لە بەغدا دادەنرێت. پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پێكهێنانی حكوومەتەكانی عێراق، چونكە لەدوای هەڵبژاردنەكانی 2010 و 2014 و 2018 ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە هاوپەیمانێتییە سیاسییەكاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییانە، پارتی نوێنەرایەتییەكی بەرچاوی لە حكوومەتی عێراقدا مسۆگەر كرد و پۆستە سیاسییەكانی دەستەبەر كرد.
ئێمە وەك وەفایەك بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر و لەسەر ڕێنوێنی و فەرموودەكانی سەرۆك بەردەوام دەبین لە خەبات و كاركردنمان وەك نوێنەری گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق و لەسەر سێ پرەنسیپ (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) و هەروەها پابەندبوون بە دەستوور كار بۆ پاراستنی مافی گەلی كوردستان دەكەین.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم