"پڕۆژەی ریسایكلینی ئاوەڕۆی هەولێر 840 هەزار مەتر سێجا ئاو پاك دەكاتەوە"

:: PM:05:40:26/10/2025 ‌
ئەندازیار زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ "وشە" ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بەمزووانە بەردی بناغەی پڕۆژەی ریسایكلینی ئاو لە هەولێر دادەنرێت، پڕۆژەكە خزمەتی زۆر بە پشتێنەی سەوزایی و پارك و شوشتنگەكان دەكات. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێویستە هەمووان سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بكەین كە ئەوەی لە هەولێر خەون بوو كردنی بە ڕاست.

پڕۆژەیەكتان لەبارەی ریسایكلینی ئاوەڕۆی هەولێر هەیە، ئەو پڕۆژەیە بەكوێ گەیشت؟ 
دوای ڕەزامەندی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەمزووانە بەردی بناغەی ریسایكلینی ئاوەڕۆی هەولێر دادەنرێ‌ كە بە قەبارەی 210 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێكدا ئاوەڕۆ پاك دەكاتەوە، ئەم پڕۆژەیە تاوانای هەیە 840 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێكدا ئاوەڕۆ پاك بكاتەوە، بەڵام لە هەولێر پێویستمان بە 210 هەزار مەتر سێجا هەیە.

گرنگی ئەو پڕۆژەیە لە چیدا دەبێت؟
سوود وەرگرتن لەو پڕۆژەیە گرنگە بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو یان ئاوەڕۆ دوای پاككردنەوەی بۆ پشتێنەی سەوزایی یان پاركەكان و كارگەكان دەتوانن ئەو ئاوە بەكاربهێننەوە، دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزایی و ئەوانەی كاری سەوزە دەكەن، دەتوانن ئەو ئاوە بەكار بێنن لە كاتێكدا پێشتر بە ئاوەڕۆ سەوزەكان ئاو دەدران. 

گەڕەكی باغولمنارە نیگەرانیی زۆریان هەبووە، چییان بۆ کراوە؟
گەڕەكی باغولمنارە كێشەیان هەبوو، بەڵام لەسەر بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، خزمەتگوزاریی تەواو بۆ ئەو گەڕەكە بەردەستە كە شەقامەكانیان بۆ چاككراوە و ژێرخانێكی گەورەی ئاوەڕۆیشیان بۆ دروست دەكرێت كە 19 ملیار دیناری تێدا خەرج دەكرێت بە بۆكس و بۆڕیی جیاواز، كە ئەو پڕۆژەیە گەڕەكەكە دەبوژێنێتەوە و بەبێ‌ هیچ كێشەیەك خەڵك دەتوانێ نیشتەجێ ببێت.

پڕۆژەیەكی تری ئاوەڕۆ لە ڕێی كەركووك جێبەجێ دەكرێت وردەكاری ئەوە چییە؟ 
بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی ستراتیجی لە رێی كەركووك تا قەتەوی دانراوە، كە كۆمپانیاكە جێبەجێی دەكات و تا ئێستە 300 مەتری دروست كراوە، ئەو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی نەهێشتی مەترسیی لافاو كە نزیكەی شەش ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ دابین كراوە. 

پڕۆژەكانی تایبەت بە ئاوەڕۆ لەو حكوومەتەدا كراون، بەڵام ئەوانە هەموو كێشەیەك لە هەولێر بەكۆتا دەهێنن؟
لەو كابینەیەدا زۆرترین پڕۆژەی ئاوەڕۆ بۆ نەهێشتنی مەترسیی لافاو و هێنانی ئاوی سازگار بۆ شارەكە جێبەجێ كراون، كە پێویستە هەموومان سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بكەین، چونكە ئەوانەی پێشتر خەون بوون بۆ هەولێر، كران بە ڕاستی.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم