مامۆستا ئازاد كەركووكی: تیرۆرستان حەیایان بە ئیسلامەوە نەهێشتووە

:: PM:01:48:14/01/2026 ‌
لەم دیمانەیەی "وشە"دا، مامۆستا ئازاد كەركووكی پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی سەعید تۆماری لە كەركووك، رای دەگەیەنێت "لەوكاتەی هەڕەشە دەكەوێتە سەر خاك و ڕۆحت، بەرگریی ئەركە لەسەر ژن و مناڵیش، تەنانەت ژن بێ پرسی پیاو دەتوانن چەك هەڵبگرێ لە دۆخی وادا.

" هەفتەی ڕابردوو لەم مزگەوتەی ئێوە نوێژی مردوو بە غیابی بۆ شەهیدانی رۆژئاوای كوردستان كرا، ئامانجتان لەو كارە چی بوو؟  لێكدانەوەی ئاینی لەبارەی پەلاماری عەرەبەوە بۆ سەر خاكی كوردستان چۆنە؟

مامۆستا ئازاد: كورد خاوەن خاكە، ئەوانەی دەوروبەر داگیركەرن، بەشێكیان لە مەغۆلیاوە هاتوون، نزیكی هەزار ساڵە هاتوونەتە سەر خاكی كوردان و هەوڵی سڕینەوەمان دەدەن، تا خۆیان ببنە خاوەنی خاكەكە.
لە روانگەی ئاینیشەوە پێغەمبەر فەرمانی كردووە هەر كەس ویستی خاك و ماڵت داگیر بكات شەڕی بكە و بەرگری لە خاكت بكە، "چەك هەڵگرە".

" لە ڕوانگەی ئاینییەوە پێویستە ژنان و كچان شەڕ بكەن؟

مامۆستا ئازاد: بابەتی چەكهەڵگرتنی ئافرەت دوو حكوومی هەیە، ئەگەر شەڕەكە پێویست نەبوو تەنیا بە پیاو دەكرێ، پێویست ناكات ژن بەشدار بێ، بەڵام ئەگەر شەڕەكە پێویست بوو و وەك نەتەوە لە بەردەم هەڕەشەی سڕینەوەدا بووی، نەك پێویستە ژن بەشداریی بكات، بەڵكو ژن دەتوانێت بێ پرسی پیاو بەرگریی بكات و چەك هەڵگرێت. دۆخی رۆژئاوای كوردستانیش ئاوایە، ئێمە دۆعای خێریان بۆ دەكەین، ئەوان لە بەردەم سڕینەوەدان، پێویستە هەموویان بە نێر و مێوە بەرگریی بكەن. 
داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئەگەر پێویست بوو با دەرگا بكەنەوە و خەڵكی كوردستان بچێت و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و بەرگریی لە برا و خوشكەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان بكەن.

" ئێوە لە كوركووكەوە نوێژی مردووتان بۆ شەهیدانی رۆژئاوای كوردستان كرد، ئەوە چۆن لە ڕووی ئاینییەوە كە وتت نوێژی غایبی مردوو دەكەین؟

مامۆستا ئازاد، ئەو نوێژە نوێژی مردووە كە مردووەكە لەوێ نەبێ، بە غایب نوێژی لەسەر  دەكرێت، ئێمەیش بۆ شەهیدانی رۆژئاوا نوێژمان كرد و دوعامان بۆ كردن، ئەوەیشی شەهید بووە جێی شانازییە بۆ ئێمە.

" ئێستە سوپای سووریا داوای چۆڵكردنی ناوچەی تر لە هەسەدە دەكات، بۆچی ئەوان بەناوی ئاینەوە داگیركاریی دەكەن؟

مامۆستا ئازاد: كە سیاسەت و تەماح هاتە پێشەوە، ئەوان بە ناوی ئاینەوە دەیكەن، بەڵام ئەوە ئاین نییە، قەتیش داگیركەران ئیسلامییانە هەڵسوكەوتیان نەكردووە، ئەوەش مانای وانییە ئێمە پشت لە ئیسلام بكەین، ئیسلام ئێمەی جوان كردووە. بەڵام هەر بەپێی دەقی ئاینی، ئێمە حسابی بكوژ و زاڵم بۆ ئەوان دەكەین و پێمان وایە هیچ دینێكیان نییە، دەبێت بەهەر ناوێكەوە پەلاماریانداین، لێیان بدەین و دەستیان ببڕین.
قورئان كە باسی زاڵم دەكات دەڵێ "زاڵم" ناڵێ كوردە یان عەرەب یان هەر كەسێكی تر، دەڵێ، زاڵم دەستی بۆ درێژ كردی، دەستی ببڕە.

" لەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو دەكرێنەوە و تێیدا تاوانی ڕاستەوخۆ دەكرێ، هەموو بەناوی "ئەڵاهوئەكر"ەوە هاوار دەكەن و خەڵك دەكوژن و سووكایەتی بە تەرمەكانیان دەكەن؟

مامۆستا ئازاد: ئەوە چەواشەكردنی خەڵكە، ئەگینا لە هیچ ئاینێكدا رێپێدراو نییە سووكایەتی بە تەرم بكرێت، ئەگەر دوژمنیش بێت. ئەوە لە مێژووی ئیسلامیشدا هەیە سووكایەتیان بە تەرمی حەمزەی مامی پێغەمبەر كردووە و تەرمەكەیان شێواند، پێغەمبەر فەرمووی منیش ئەو كارەیان بەرانبەر دەكەمەوە، بەڵام خودا رێگری لە پێغەمبەر كرد و ئایەتی بۆ نارد كە دەبێت رێز لە مردوو بگیرێت. 
ئەم دڕندانە زیانی زۆریان لە ئاین دا، ئەمانە حەیایان بە ئیسلامەوە نەهێشتووە، ئەمانە  بەناوی خوداوە تاوان دەكەن و دەیانەوێت بڵێن ئەوە خودا فەرموویەتی، بەڵام ئەوە تەنیا چەواشەكارییە.

" لەم دۆخە نوێیەدا قسەت لەسەر ناوخۆی كوردستان چییە و پێت وایە چی بكرێت باشە بۆ كورد؟

مامۆستا ئازاد: كورد دەبێت لەم هەلومەرجەدا هەموو پێكەوە بن، بەرپرسان دەبێت لەم كاتانەدا زیاتر پێكەوە بن و بەرژەوەندی بچووك بخەنە لاوە، كورد هەمیشە قوربانی بووە بۆ خاك و نەتەوەكەی و باجی زۆری داوە، كورد میلەتێكی ئازا و تێكۆشەرە، ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت كەس دەرەقەتمان نایەت.
چەكی پارە زۆر گرنگە با خەڵك بەكاری بێنێت و كاڵای ئەو وڵاتانە مەكڕن كە ئازاری كورد دەدەن، ئەمە چەكێكی كاریگەرە و ئابوورییەكەیان پەك دەخات، مانای نییە تۆ قازانج بە وڵاتێك بگەیەنی و پارەكەت بكات بە چەك و خۆتی پێ بكوژێ.



وشە - سۆران عەزیز