د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" چەند پرسێك روون دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، وەزارەتی ناوخۆ چاوی لە سزادانی هیچ كەسێك نییە، بەڵام رێژەیەكی كەمی سەرەڕۆیی لە شەقامەكادا ماوە. هەروەها دووپات دەكاتەوە كە كامێرای "پۆینت توو پۆینت" سەردەمانەیە و لە هەموو شەقامێكی نوێی كوردستان دادەنرێت.
پڕۆژەیەكتان لەبەردەستە لەبارەی دژایەتی توندڕۆیی ئەوە بە كوێ گەیشتووە؟
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆییە، كە توندڕۆیی سەرچاوەی تیرۆرە و لە 2022 نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ڕۆژەی داناوە بۆ دژایەتی بیری توندڕۆیی، لە هەرێمی كوردستان دوو ساڵە لیژنەیەكی باڵا دروست بووە و كەسێكی ئێزدی كە ئەفسەرە؛ سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە و كاروباری لیژنەكان دەكات، ئێستە رەشنووسی یەكەم ئامادە كراوە، لە هەفتەی داهاتوو دواجار سەیری رەشنووسەكە دەكرێت و دەخرێتە بەردەم وەزیری ناوخۆ و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
بیری تونڕۆیی ئێستە پەڕیوەتەوە بۆ سۆشیال میدیایش، لە رەشنووسەكەدا جێی ئەوەیش كراوەتەوە؟
بێگومان، كۆمەڵگەی كوردستان بە سروشتی خۆی رێز لە فرەیی دەگرێت و توندڕۆیی بەرهەم ناهێنێ، بۆیە ئەوەی توندڕۆ بێت بەر نەفرەتی كۆمەڵگە دەكەوێت، سەیری ئەو حزبانە بكە كە ڕۆژێك لە رۆژان توندڕۆ بوون، ئێستە لەوپەڕی دۆخی خراپیدان، بۆیە هەر دەنگێك ببێتە هۆی توندڕۆیی بەر نەفرەتی كۆمەڵگەی كوردی دەكەوێت.
دێمە سەر پرسیاری تر كە لەبارەی هێڵی شەقامەكان چەند بڕیارێكتان بڵاو كردبووەوە؟
هەندێكجار سۆشیال میدیا بۆ كۆكردنەوەی لایەكی حەرام بابەتەكان دەشێوێنن، كە ئەو بڕیارەی هێڵەكانیش هەر وایی لێهات، ئێمە وەك حكوومەت دەبێت شەقامەكان بپارێزین، چونكە شوێنی گشتیین و شەقام هی یەك شۆفێر نییە، بۆیە تێگەیشتنەكە تێگەیشتنی نوێیە، نابێ قبووڵ بكەین كە كەسێك شەقام تەنیا بۆخۆی بەكار بێنێ، رەوایەتی تێدا نییە خەڵك لەسەر فوول لایەت بكوژرێ و شەقام تەنیا بەهۆی خۆت بزانی، رۆژانە لە شەقامەكاندا سەتان سەرپێچی دەكرێت كە هەندێكی كوفرە، كاتی ئەوە هاتووە خەڵك خۆی قبووڵ نەكات كەسێك تەنیا شەقام بۆخۆی بەكار بێنێ، دڵنیابن وەزارەتی ناوخۆ چاوی لە سزادانی یەك كەس نییە، ئێمە دەمانەوێ شەقامەكان بۆخۆمان خۆش بكەین، خەڵك لە شەقامەكان دەڕوا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت.
كامێراكانی چاودێری شەقام رێژەی مردنی بە رووداوەكانی هاتوچۆ بەڕێژەیەكی زۆر كەم كردەوە، بڕیارتان هەیە كە بۆ ڕێیە نوێیەكانیش دابنرێ، لەوانە ڕێی گۆمەسپان؟
كامێراكانی پۆینت توو پۆینت شانازییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، ئێستە بە گوێرەی توێژینەوەی دنیا شۆفێر شوێنی كامێرای جێگیر دەزانێت و ئەوەیش وا دەكات كاریگەری بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان كەمتر بێت، بۆیە هاتن كامێرای پۆینت توو پۆینت داهێنرا كە ئێمە رێمان لە نەزیفێكی گەورەی خوێن بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گرت كە سەتان كەس كەمئەندام دەبوون جیا لە مردن، بۆیە دەبێت شۆفێر قەدری كامێراكان بزانێت، لە 2025 دەستمان لە كامێرا و ماتۆرسكێل توندكرد چونكە ماتۆر سەرچاوەی تاوان و رووداوەكانی هاتوچۆ بوون و ئێستە 90% ماتۆرسكێلەكان تۆمار كراون و ئیتر ناكرێ بەبێ تابلۆ هیچ كەسێك لە شەقامدا بسووڕێتەوە، كێ حەزی پارە بدات با خێرا بڕوا لە شەقامەكاندا و كامێرا بۆ هەموو شەقامێكی نوێی كوردستان دادەنرێ.
هەندێك بڕیارەكان لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ دەكرێ بۆچی بەتایبەت سزای دارایی؟
بڕیارەكان بۆ هەموو كەسێكە بۆ ئەو توێژە كەمە نییە كە سەركێشی دەكەن، چونكە ئێستە 95% ماڵ و سەروەت و گیانی خۆی خۆش دەوێ، ئەوەی هەڵە لێكدانەوە دەكات توێژێكی كەمی سەركێشن.