د. سەردار عەزیز: وڵاتان ئێرانێكی ترساو و خەسێنراویان دەوێت و ئەمەش وا دەكات لەگەڵ كورد سازش بكات

:: PM:01:52:15/03/2026 ‌
لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ "وشە" نووسەر و لێكۆڵەری دیاری كورد د. سەردار عەزیز، تیشك دەخاتە سەر ڕاڕایی وڵاتانی دنیا لەبارەی شەڕی ئێرانەوە و هاوكات لەبارەی كوردیشەوە دەڵێت: دۆخەكە بۆ كورد روون نییە، چونكە هێشتا دیار نییە دەوڵەتەكە بە چ لایەكدا دەكەوێت.

*هۆی چییە ئیمارات لەم دۆخەدا زۆرترین هێرشی كراوەتە سەر، هەست دەكەیت جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئێمارات و وڵاتانی ناوچەكە، تەنانەت وەك دەگوترێ لە ئیسرائیلیش زیاتر هێرشی كراوەتەسەر؟

سەردار عەزیز: بۆ هەموو چاودێران جێگەی سەرنجە بۆچی ئێران زیاتر لە وڵاتانی تر هێرش دەكاتە سەر ئیمارات تەنانەت زیاتر لە ئیسرائیلیش، ئیمارات وڵاتێكە سیاسەتێكی هەیە تەبایە لەگەڵ ئیسرائیلدا، یارمەتیدەری پڕۆژەكەی ئیسرائیلە لە ناوچەكەدا، هاوكات ئیماراتییەكان نزیكن لە ترەمپەوە، وەك دەوڵەتی ئەمەریكا نا وەك كەس، وەك دەگوترێ بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیمارات لەگەڵ كوڕِەكانی ترەمپ زۆر پێوەنیی قووڵی بازرگانییان هەیە، پێشتریش ئیمارات داوای لە ترەمپ كرد ئیخوان موسلیمین بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە ئەویش خێرا كردی.

هاوكات ئیمارات نزیكترین دەوڵەتە لە ئیسرائیلەوە و كاریگەریی زۆری هەیە لەسەر ئەمەریكاش، هۆكاری تریش هەیە بۆ ئێران چونكە شوێنێكی وەك دوبەی كاتێك بۆردمان دەكرێت، خەڵكێكی زۆر لە دنیا زیانیان پێ دەگات، چونكە خەڵكێكی زۆری ئەوروپی و ئەمەریكی بەرژەوەندیی گەورەیان لە ئیمارات و دوبەی هەیە، ئەوەش ئێران وەك كارتێكی فشار لەسەر ئەمەریكا دەیبینێت، ئەمەش ئامانجێكی باشە.

ئیمارات یەكێك لەو وڵاتانەیە كێشەی دوورگەی لەگەڵ ئێران هەیە، ئیمارات یەكێكە لەو وڵاتانەیە ئێران سوودی زۆری لێ دەبینێت بۆ پاككردنەوەی پارە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش دەردەكەوێت ئێران یارییەكی تر دەكات لەم شەڕەدا، چونكە ئیمارات و سعوودیە پێوەندییان باش نییە، ئێران لە سعوودیەش دەدات بەڵام بەراورد بەئیمارات كەمتر، ئەوەش وادەردەكەوێت كە ئێران دەیەوێت بەئیمارات بڵێت ئەگەر لە ئیسرائیل نزیك بیت زیاتر زیانت پێدەگات، ئەگەر وەك سعوودیەش بیت كەمتر زیانت پێدەگات.

*هەست دەكرێت هێشتا پلانێكی ورد لەلایەن ئەمەریكاوە نییە، ئایە ئێران دەڕووخێنێت، گۆڕانكاری لە دەسەڵاتدا دەكرێت، هەست بە پلانێكی ورد بۆ داهاتووی ئێران ناكرێت؟

سەردار عەزیز: ئەمەریكا پلانی هەبوو بەڵام پلانەكە تێكچوو، هێشتا هەر لە دۆخی هەڵسەنگاندایە، ئێستە وا دەردەكەوێت ئەم رژێمە دەمێنێتەوە بەڵام چۆن و بەچ شێوەیەك، ئەمانە ئەو بابەتانەن ئێستە لە دنیا قسەیان لەسەر دەكرێت، وا دەردەكەوێت ئێرانێكی لاوازی دەستەمۆ بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل گرنگتر بێت لە رووخاندنی، هێشتا كات ماوە دەكرێت لەمەدا چاوەڕێ بكەین.

*ئایا پێت وایە ئەم دۆخە چی بۆ كورد بەتایبەت كوردانی رۆژهەڵات تێدایە، ئەگەر هەیە رۆژهەڵاتی كوردستان ببێتە قەوارەیەك، خۆبەڕێوەبەرییەك؟

سەردار عەزیز: دۆخەكە بۆ كوردیش هێشتا دیار نییە، مانەوەی ئێران بە لاوازی بۆ دەرەوە و بە بەهێزی بۆ ناوەوە، ئەمە بابەتێكە لە ئارادایە، وڵاتان ئێرانێكی ترساو خەسێنراویان دەوێت، بەڵام دەزانین هەموو بوونەوەرێكی ترساو لە دەرەوە لە ناوخۆ توندوتیژە، ئەمە بۆ دەوڵەتەكانیش راستە.

دۆخەكە بۆ كورد روون نییە، چونكە هێشتا دیار نییە دەوڵەتەكە بە چ لایەكدا دەكەوێت، رەنگە ئێران ئەمە بەو ئاراستەیە ببات كە جۆرێك لە سازش لەگەڵ كورد بكات، رەنگە كێشەكانی ناوخۆی لەگەڵ كورد بەتایبەتی كەم بكاتەوە و بۆ ئەوەی باشتر خۆی بپارێزێت، هەموو ئەمانە هیچیان روون نین، رەنگە كورد سوودمەند بێت لەوەی كە بتوانێ وەك هێزێك بمێنێتەوە، لە هەمان كاتدا خۆی بپارێزێت لە مەترسی گەورە، ئەم دۆخانەش بۆ ناسینی خۆی بەدنیا بەكار بێنێت.

*ڕاڕاییەكی زۆر لەبارەی شەڕەكەوە هەیە و وڵاتانی دنیا لە دڵەڕاوكێدان، هاوكات خودی لایەنە شەڕكەرەكانیش بۆ نموونە ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەوانیش ڕاڕان لەم شەڕەدا، ئەگەرچی خۆی شەڕ هەر ڕاڕایی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت؟

سەردار عەزیز: ئەكتەرە سەرەكییەكانی شەڕەكە هەریەكە و ڕاڕاییەكی قووڵ و چارەسەرنەبووی هەیە كە ئێستە پاڵنەڕی شەڕەكەیە. یەك بە یەك ئاماژەیان پێ دەدەم بە كورتی:
ئێران، ڕاڕایی قووڵی ئێران ئەوەیە كە ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریكاوە بڕیاری نەمانی دراوە، تەنیا چۆنێتی ئەنجامدانی لە ئارادایە. بۆیە ئێران جۆرێك دڵنیایە كە ئەگەر ئەمجارەش نەڕووخێت، ئەوا ماوەیەكی تر هێرش دەكەنە سەری. 
بۆیە ئامانجی ئەوەیە كە چۆن دۆخێك دروست بكات كە هێرشكردنەوە بۆ سەری ئاسان نەبێت، لەم ڕووەوە ڕەنگە ئابووری چەكی بەهێزی بێت نەك سەربازی. بۆیە هەتا پێی بكرێت دەیەوێ شەڕەكە درێژ بكاتەوە، هەتا ئازار بە خەڵكی ئەمەریكا بگەیەنێت لە ڕێگەی نرخی گالۆنی بەنزین و نەوتەوە، پاشان وڵاتانی تر. بەڵام ئەم گەمەیە بەبێ مەترسی نییە، كاتێك ئەگەری ئەو گەرەنتییە زۆر سەختە و پاشان هەتا بگاتە ئەو دۆخە ڕەنگە ئێران نیمچە وێرانێك بووبێت.

ئیسرائیل: ئیسرائیل وەها بیر دەكاتەوە كە ئێران بمێنێت بە هەر حاڵێك بێت وەك دوژمنێكی وجودی دەمێنێت، بۆیە ئەگەر ئێستە لە ناو نەبرێت و بمێنێتەوە، ڕەنگە ببێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ببێت بە مەترسییەكی وجودی ڕاستەقینە لە سەری. بۆیە دەبێت بەردەوام بێت لە لەناوبردنی، چونكە گۆڕینی ڕەفتار و ڕێككەوتن و چاودێری و ئەمانە دادی نادات. ئەم ڕاڕاییە پاڵنەری سەرەكیی هێرشەكانی ئیسرائیلە، ئیتر بەلایەوە جێگەی بایەخ نییە ئێران دەبێتە پشێوی یان جەنگی ناوخۆ یان هەر دۆخێكی تر. 

ئەمەریكا: ئەمەریكا خاوەن ستراتیجێكی ڕوون نییە، بەڵكو ستراتیجی دەگۆرێت. هۆكاری ئەم گۆڕانە ئەوەیە كە ترەمپ خاوەن دیدی ڕوون نەبوو، بەڵكو وەك چۆن پوتین چوو بۆ ئۆكرانیا هەتا چۆن هیتلەر نەمسای بە شەوێك گرت، ئەویش وەها بە خێرا بیگرێت. بەڵام ئەوە چوار ساڵە تێیدا چەقیوە. ترەمپیش بەهەمانشێوە بە هەڵەدا چوو. فاكتەرێكی تر دیموكراسیبوونی ئەمەریكایە. ئەم دیموكراسییە وەها دەكات كە ترەمپ ناچار بێت بیر لە نرخ و دۆڕان و بەهێزبوونی نەیارەكانی بكاتەوە. 
ئێستە ترەمپ كۆمەڵێك بژاردە هەڵدەسەنگێنێت، پاش ئەوە ڕژێمەكە نەڕووخا بە كوشتنی خامنەیی، ئێستە بیر لەوە دەكرێتەوە چۆن تەواو لاواز بكرێت و ڕێگە لە بەهێزبوونی بگیرێت. ئایا ئەمە لە ڕێگەی گرتنی خاركەوە و خنكانی ئابووری، یان دەستوەردانی ناوخۆیی یان بژاردەی تر.
ئەم شەڕە بۆ ئەمەریكا شەڕێكی وجودی یان مەترسی نییە، بەڵكو زیاتر شەڕێكی خوازراوە.

كەنداو: ڕەنگە ئەو لایەی كە هەرچۆنێك دۆخەكە تەواو بێت هەر زیانمەند بێت، كەنداو بێت. كەنداو نە ئێرانی دیموكراسیی دەوێت، نە ئێرانی بەهێز، نە ئێرانی پشێو، نە گۆڕینی ڕژێم. ئەوان دەخوازن ئێران وەك عێراقی سەردەمی سەدام بێت. هەرچۆنێكی تر بێت جگە لەوە مایەی مەترسییە لە هەموو ئاستێكدا.
كەنداو لە هەمان كاتدا دڵخۆش نین بە باڵادەستبوونی ئیسرائیل، هەروەها بە مامەڵەی سووكی ئەمەریكا بۆ خواستەكانیان. 

هەموو ناوچەكە لە سوودانەوە هەتا ئەفغانستان باجی بەهێزبوونی كەنداو دەدات. ئایا كەنداو كەمێك دەبنە مرۆڤ یان دەخوازن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمێك كە بۆ هەمیشە رۆیشتووە. 
وەك دەبینن زۆربەی ڕاڕاییەكان بێ چارەسەرن. نەبوونی چارەسەر پاڵنەرە بۆ گرژی و ترس. ئەمەش سەردەمی ناسەقامگیریی درێژخایەنە.



وشە - سۆران عەزیز