ئێستە پێوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لە بەهێزترین دۆخیدایە، سەركردە و بەرپرسانی عەرەب پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردستان دووپات دەكەنەوە. لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا، شێركۆ حەبیب شارەزای پێوەندییەكانی كوردستان و دەوڵەتانی عەرەبی، بە ڕوونی تیشك دەخاتە سەر ئەو پرسە و پێی وایە وڵاتانی عەرەبی دەتوانن لە زۆر ئاستەوە هاوكاری كوردستان بكەن.
پێتان وایە دەوڵەتانی عەرەبی لە پشتی كوردستان دەبن لەو دۆخەی كە هاتووەتە پێشەوە؟
بێگومان پشتبەستن بەو پێوەندییانەی لەگەڵ كۆمەڵێك لە وڵاتانی عەرەبی، چ لە رووی سیاسی یا ئابووری، وڵاتانی عەرەبی پشتگیریی كوردستان دەكەن، وەك بینیمان وڵاتانی ئوردن، ئیمارات، فەلەستین، لەسەر ئاستی بەرز پشتگیریی كورستانیان كرد، میسر لە بەیاننامە فەرمییەكاندا ئاماژەیان بە پاراستنی سەرتاپای عێراق كردووە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هەڵوێستی میسر ڕوونە لەسەر پێویستی كەمكردنەوەی پەرەسەندنی ناوچەیی و كۆنترۆڵكردنی تەواوی دۆخەكە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە.
دەوڵەتانی عەرەبی دەتوانن چی بۆ كوردستان بكەن؟
وڵاتانی عەرەبی دەتوانن لە زۆر ئاستەوە هاوكاریی كوردستان بكەن، چ لە رووی سیاسی پشتگیریی بكەن لە ناوەندە سیاسی و جیهانییەكان، هەروەها دەتوانن لە رووی ئابووری هاوكاری كوردستان بن لە رووی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئاستی پێوەندیی كوردستان و دەوڵەتانی عەرەبی چۆنە؟
لەگەڵ هەندێ وڵات وەك میسر و ئوردن و ئیمارات و سعوودیە لەوپەڕی باشیدایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانی سەرۆك بارزانی و رێنوێنییەكانی بەو پێوەندییانە، هەوڵ و سەردانەكانی شاندی هەرێم چ بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، هەوڵە دیپلۆماتەكانیان بۆ پتەوكردنی پێوەندیی نێوان كوردستان ئەو وڵاتانە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حوكمڕانییان.
بۆچی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە هێرش دەكەنە سەر كوردستان؟
كورستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە لە ناوچەكەدا، پێكەوەژیان و تەبایی و ئازادی دیاردەیەكی حاشاهەڵنەگرە لە كوردستان، ئەمەیش نیگەرانیی نەیاران و دژە پێكەوەژیانی لێ كەوتووەتەوە، بۆیە هەردەم هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ تێكدانی ئەو بارودۆخە، بەڵام هەردەم شكستخواز بوون، لە حاڵەتی ئێستە هەوڵ دەدەن كوردستان پەلكێش بكەن بۆ ئەو جەنگەی لە ئارادایە، بەڵام شارەزایی و لێهاتوویی سەرۆك بارزانی وایكردووە كوردستان خۆی بپارێزێت و بێلایەن بێت، بەڵكو هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە بۆ ئاشتی و هێوری لە ناوچەكەدا، هەروەها هەندێ نەیارانی كوردستان تا ئێستە ئەو هزر و بیرە شۆڤێنییەیان هەر ماوە دژی كورد، ناتوانن ئەو قبووڵ بكەن كە كورد هاوبەشی سەرەكییە لە وڵات، بەڵكو دەیانەوێت هەر ئەوان خاوەن دەسەڵات بن و كورد هاووڵاتیی پلە دوو بێت.
كوردستان دەبێت چی بكات؟
كوردستان دەبێ لەسەر هەمان رێچكەی ئێستەی بەردەوام بێت لە هەوڵە دیپلۆماتەكانی و پەرەدان بە قووڵكردنەوەی پێوەندییەكانی ئابووری، ئەمەش دەبێتە بنەمایەكی توكمە بۆ پێوەندییەكانی سیاسی، هەروەها دەبێ لە رووی حزبایەتی هەوڵەكان چڕ بكاتەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو حزبانەی خاوەن دەسەڵاتن لەو وڵاتانە، هەروەها ئەوانەی هەڵوێستیان روونە بەرانبەر كورد و پاڵپشتیی دۆزی كورد دەكەن.
هەڵەبجە / عەزیز هەورامی