گرتنی دوورگه‌ی خارگ مانای كۆنتڕۆڵی ته‌واوه‌تی خاكی ئێرانی هه‌یه‌

:: PM:01:22:06/04/2026 ‌
فرانك ماكنزی فەرماندەی پێشووی فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنەراڵی خانەنشینكراو، لە چاوپێكەوتنێكی لە بەرنامەی "رووبەڕووی گەل لەگەڵ مارگرێت برینان" لە تۆڕی سی بی ئێسی دەڵێ، ئەمەریكا دەتوانێ گەرووی هورمز بكاتەوە و دوورگەی خارگیش داگیر بكات، بەڵام ئەمە كاتی پێویستە و ئامادەكاریش بۆ ئەوە دەكرێت، هاوكات هەڵمەتی رزگاركردنی فڕۆكەوانەكەیش بە سەركەوتوو وەسف دەكات.

سی بی ئێس نیوز: كەمتر لە 48 سەعاتی خایاند بۆ دۆزینەوەی ئەفسەری سیستمی چەك كە لە فڕۆكە ئەمەریكییەكە كەوتە خاكی ئێرانەوە، ئەو ئەفسەرە خۆی لە ناوچە شاخاوییەكان شاردبووەوە، هەڵسەنگاندنی تۆ بۆ پرۆسەی گەڕان و رزگاركردنی ئەو ئەفسەر چییە؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: دەكرێ دوو پەند و وانە لەو ئەزموونە وەربگرین، هێزە هاوبەشەكان لێهاتوون و تواناكانمان لە جووڵەپێكردنی خێرا زۆرباشن، بۆ گەڕان بە دوای هەر تیمێكی ئاسمانی كە فڕۆكەكانیان دەكەوێتە خوارەوە، ئێمە بە بەردەوامی مەشق لەسەر ئەو حاڵەتانە دەكەین و ئەمە بەشێكە كە جیا نابێتەوە لە چالاكی هێزەكان، هەر كاتێك فڕۆكە دەنێرێنە ئاسمانی دوژمن، ئەو ڕاهێنانە بە فڕۆكەوانەكان دەكەین، پلانی ورد و پوختمان هەیە، تا لە حاڵەتێكی لەمجۆرە بە فڕۆكەوانەكانمان بگەین، ئەوە بەشێكی سەرەكی ناسنامەی هەر پیاو و ژنێكی شەڕكەری ئەمەریكییە. بەمجۆرەیش پلانەكە جێبەجێ كرا.

من لەو بڕوایەدام كە بە چالاكییەكی زۆرباشەوە پرۆسەكە جێبەجێ كرا كە هەمیشە بەمجۆرە بووە، كەسێك لەسەر زەوییە، لەوانەیە بریندار بێ و پێویستە بگاتە شوێنێك كە خۆی بشارێتەوە، تا بتوانین بیدۆزینەوە و پێی بگەین، هەموو شتەكان بە باشی بەڕێوەچوون، لەگەڵ ئەوەیش دوو فڕۆكەمان لە دەست دا، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم، دروستكردنەوەی فڕۆكەیەك ساڵێكی دەوێ، بەڵام بنیاتنانی بنەمای سەربازیی وڵاتەكەمان 200 ساڵی ویستووە، بۆیە لە حاڵەتی لەمجۆرە لەناوچوونی فڕۆكەكان هەڵدەبژێرین، وانەی دووەم، ئەمە پەندێكی قورسە بۆ ئێران، چونكە نەیانتوانی فڕۆكەوانەكەمان بدۆزنەوە، سەرەڕای ئەوەی پەیامی زۆر و فراوانیان بۆ گەلی ئێران بڵاو كردەوە كە بەرانبەر بە پاداشت فڕۆكەوانەكە ڕادەستی ڕژێم بكەن، بەڵام وەك ڕوونە ئەمە سەركەوتوو نەبوو، داوای هەموو زانیارییەك لەبارەی فڕۆكەوانەكە كرابوو، بە بڕوای من ئەوە جۆرێك ناڕازیبوونە، نازانم، بەڵام ناكرێ فەرماندەیەكی باڵای تاران لەمە ڕازی بێت.

سی بی ئێس نیوز: وەك دەزانن پاسداران بەرپرسیاریەتیی لە هێرش بۆ سەر كارگەی پترۆكیمیایی لە ئیمارات و كوێت و بەحرێن ڕاگەیاند، هۆشدارییان دا، ئەگەر دامەزراوە ئابووری و مەدەنییەكان بە ئامانج بگیرێن، وەڵامیان دەبێت، ئایا تا ئێستەیش ئێران و بریكارەكانی دەتوانن زیانی گەورە لەو قۆناغە بگەیەنن؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: توانای زیانگەیاندنیان هەیە، بەڵام توانای دروستكردنی گۆڕانكاری و كاریگەریی گەورە و فراوانیان نییە، مەبەستم لە كاریگەریی فراوان و گەورە هەڵدانی دەیان مووشەك و درۆنه، ئەو توانایەیان بە بەراورد بە ڕۆژەكانی سەرەتای دەستپێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكە زۆر كەمی كردووە، دوای تێپەڕینی 30 ڕۆژ لە دەستپێكردنی جەنگەكە فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكان وا دەردەكەوێ كە بە ئاستێكی باش لەو دەرئەنجامە ڕازییە، بەڵام كاتێك من فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكان بوومایە و دوای 30 ڕۆژ بەو ئەنجامە بگەیشتمایە، ڕەتم دەكردەوە بە توندییەوە، چونكە ئەوە گەشبینییەكی زێدەڕۆیە. لەگەڵ ئەوەیشدا دەرئەنجامی باش وەدەست هاتوون و كاریگەرییەكانمان بەردەوامییان دەبێ و هەڵدانی مووشەك بۆ ئەوان كارێكی قورس دەبێت، تا كاتێكی تریش ناتوانین بگەین بە سفر مووشەك، كەمێك كاتمان لە پێشە، بەڵام هەمووان درك بەوە دەكەن كە لەسەر ڕێیەكی ڕاست دەڕۆین و ئەو هەڵمەتە بە چالاكییەكی زۆرەوە بەرەوپێشەوە دەڕوات و چڕی و گەورەییەكەی ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت.

سی بی ئێس نیوز: سەرۆك بۆ فۆكس نیوز بۆ یەكەمجار گوتی، ژمارەیەكی زۆری چەكمان بۆ كوردەكان لە باكوری عێراق و باكوری ئێران ناردووە تا بگەیەنرێنە خۆپێشاندەران و ئەوان لە دژی ڕژێم بەكاری بهێنن و ڕاپەرین ئەنجام بدەن، بەڵام لە كاتێكدا دەڵێ، ئامانجی ئەو هەڵمەتە گۆڕینی ڕژێم نییە، بەڵام ئەگەر ئێستە بیانەوێ ڕژێم بگۆڕن، خۆپێشاندەران چەكدار دەكەن، ئەوە ئاماژەی چی دەگەیەنێت؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: ئێوە دەتانەوێ فشار لەسەر ئەو ڕژێمە بە هەموو ئامرازێك دروست بكەن، چەكداركردنی كوردەكان فشار لەسەر ڕژێمی ئێران بێگومان دروست دەكات، لە مێژووەوە ئەوە فێر بووین كە سەركردایەتیی ئێران وەڵامی فشاری هەڕەشە لە بوونی خۆی دەكات، چەكداركردنی كوردەكان هەنگاوێك لەم ئامانجە نزیكیان دەكاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئامانجی كۆتایی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانیش نەبێت، گەیشتن بە ڕژێم و تاران بە ڕێككەوتنێك كە پێی ڕازی ببین، ئەنجامێكی یەكلاكەرەوەی فشارەكان دەبێ لەسەر تاران، باوەڕم وایە كە ئەو ئامرازە یارمەتیدەر دەبێت لە بەدیهێنانی ئەمەدا.

سی بی ئێس نیوز: هەفتەی ڕابردوو گوتت سەركەوتنی كۆشكی سپی بە دووبارەكردنەوەی گەرووی هورمزە، بەڵام تا ئێستە ئەو ڕێڕەوە ئاوییە داخراوە، سەرۆك بە وشەی زۆر توندەوە هەڕەشەی كردنەوەی گەرووەكەی لە ئێران كرد، ئەگەر ئەمەریكا هەڵمەتی سەربازی بۆ كردنەوەی گەرووەكە ئەنجام بدات، لە ڕووی سەربازییەوە چیی پێویستە؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: توانای ئەوەمان هەیە گەرووی هورمز بكەینەوە، ئەگەر بمانەوێ ئەوە بكەین، ئەوەی ئێستە دەیبینن، هەنگاوی ئامادەكارییە بۆ هەڵمەتێكی لەمجۆرە كە ئامانج لێی سنووردانانە بۆ هەڵدانی مووشەكی كورتمەودا بۆ سەر گەرووی هورمز لە دژی كەشتییە جەنگییەكان، دەمانەوێ بەلەمی خێرای هێرشبەری ئێرانیش تێكبشكێنین كە بەلەمی گەورە و بزوێنەری دەرەكی زۆر بەهێزن، كە توانای ڕۆیشتنی خێرا و نزیكبوونەوە لە كەشتییە جەنگییەكان و زیانپێگەیاندنیانی هەیە،  ئەمەیش فڕۆكەی هێرشبەری ئەی 10 و هەلیكۆپتەری هێرشبەر ئەنجامی دەدەن كە لە بەرزییەكی كەمدا دەتوانن ئامانجی زۆر بۆردمان بكەن.

ئێمە دەمانەوێ لە ڕیشەوە نەیانهێڵین و دواتر كار لەسەر كۆگەی ئەمباركراوی مینی دەریایی ئێران بكەین، مینی دەریایی زۆر مەترسیدارە و ئەوان بە هەزارانیان هەیە،  ئێستە بەشێكی زۆری مینەكانمان كەم كردوونەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كەمی ئەو مینانە دەتوانێ ڕووداوی گەورە و گەمارۆی گەورە لەسەر كەشتیوانی نێودەوڵەتی دروست بكات، دەمانەوێ ئاستی ئۆپراسیۆنەكان بۆ كەمترین ئاست نزم بكەینەوە، بەر لەوەی كەشتییە جەنگییەكانمان بۆ تاقیكردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز بنێرین، میكانیزمی بڕیاردان لای ئەدمیراڵ كووپەر نازانم لەوبارەیەوە، بەڵام وا بیر دەكەمەوە كە بە جێگیری بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێین.

سی بی ئێس نیوز: دەتوانرێ گەرووی هورمز بە هەڵمەتی ئاسمانی و دەریایی بكرێتەوە، یان پێویستی بە هێرشی وشكاییشە؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: دەتوانرێ بە هەڵمەتی ئاسمانی و دەریایی كۆنترۆڵ بكرێ و هێرشی وشكایی لەسەر شێوەی مانۆر ئەنجام بدرێت، مانۆر و هەڵمەتی كورتمەودا، واتە هێز بۆ ئامانجێك دەنێردرێ و دواتر دەكشێنەوە و نایانەوێ بە هەمیشەیی بمێننەوە، تەنیا ئەم گەڕانەوە دەكرێ دوورگەی خارگی لێ دەربهێنرێت، دەزانم كە سەرۆك قسەی لەسەر دەكات و ئەو دوورگەیە شوێنێكی گرنگی لە دڵی ئێرانییەكان هەیە، ئەمەیش بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان كۆنترۆڵكردنی خارگ واتە كۆنترۆڵكردنی هەموو خاكی ئێران، دووەمیش ئەوێ شوێنێكی ستراتیجییە و تەواوی نەوتی ئێرانی لێ دەڕواتە دەرەوە، بە داگیركردنی دەرفەتی وەستاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە لەناو دەبرێت، زیانی یەكجار گەورەیش بە ئابووری ئێران دەگەیەنرێت، دەكرێ وەك كارتێكی فشاری زۆر مەزن لە دانوستاندنەكان كەڵكی لێ وەربگیرێت.

من وابیر دەكەمەوە كە دوورگەی خارگ ئامانجێكی زۆر براوەیە و دڵنیام ئەو پرسە بە ڕژدی تاوتوێ دەكرێ، بەڵام هیچ بیرۆكە و زانیارییەكم نییە كە هێزە هاوبەشەكان بۆ ئەوەی دەڕۆن یان نا.

سی بی ئێس نیوز: سەرۆك دەڵێ، جەنگەكە دوو تا سێ هەفتەی تر دەخایەنێت، تۆ هاوڕای لەسەر ئەمە، یان پێویستی بە كاتی زیاترە؟
جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی: من بە دوودڵییەوە بەردەوام باس لە خشتەی كات بۆ هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی دەكەم، بەڵام ئەوە دەڵێم ئێرانییەكان زۆر سوود لەوە دەبینن كە گوێیان لەو قسانەی سەرۆك دەبێت دەڵێ بۆردمانی ئێران دەكەین، چونكە ئەو ئەمەی سەلماند و بەردەوامیشە، بۆیە پێویستە ئەمە وانەیەك بێ كە لە دوا لێدوانی وەریبگرین، لە ئەزموونیشمان لە ناو جەنگ تا ئێستە، كاتێك سەرۆك گوتی شتێك ئەنجام دەدەین، بێ سڵكردنەوە ئەنجامی دەدەین، ئێستە كاتی ئەوە هاتووە كە سەركردەكانی ئێران ئەو ڕاستییە بزانن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د