بورهان رەشید گوڵە سەرۆكی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كەیسی لاهوور شێخ جەنگی تەنیا لە هەولێر ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت.
چی رووی دا و چەند تۆمەتبار ئامادەی دانیشتنی دادگایی ئەمڕۆ بوون؟
ئەمڕۆ 12 تۆمەتبار ئامادە كرابوون بۆ دانیشتنەكەی دادگا، دادگا بڕیاری زانیاریی خوێندەوە كە بە ژمارەی 543یە، دواتر داوای سكاڵاكاران بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی خوێندەوە، دواتر بەڵگە و پشكنین و كۆمەڵێك رووداو و شوقە و ئەوانە پێشان درا كە كۆی ئەمانە سەعات و نیوێكی خایاند، دواتر دادگا دواخرا بۆ پێنجشەمی داهاتوو.
ئەی ئێوە چ بەڵگەیەكتان پێ نەبوو؟
ئێمە ناچینە ناوەڕۆكی داواكە و تا ئێستە لە شكڵیەتی داواكەین، داوامان كردووە كە بەگوێرەی مادەی 55ی لە یاسای دادبینی كەیسەكە بچێتە تەمیز و تەواوی دۆسیەكەیش رەوانەی دادگای هەولێر بكرێت، چونكە هەست ناكرێت لێرە دادگەری بۆ بریكاردارمان دەستبەر بكرێت، ئێستەیش بەشێوەیەكی سەرپێچی لە مانگی 11وە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر نەكراوە.
هەشت مانگە ئەوان گیراون، ئەمە یاساییە؟
لێكۆڵینەوە نابێت لە شەش مانگ زیاتر بێت، ئەوەی كە دواكەوتووە یاسایی نییە و شەش مانگە داوامان كردووە مەلەفەكان بنێردرێن بۆ دادگای تەمیز و ئەوەیش نەكراوە.
بەڵام ئەوان هێرشیان كراوەتە سەر، بۆچی سكاڵایان نییە؟
هەركەس ئازادە با كراس بۆ خۆی بدوورێ، ئێرەش وای لێ هاتووە كە دڵنیاین بە مادەی 406 لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێیانی تۆمەتبار نین، ئەوەی كرا كە هەڵكوتانە سەر هۆتێل لالەزار بوو و سیاسی بوو، ئەوكاتە دەبوو بە یاسایی ئەگەر بە بڕیاری دادگا هێزی فەرمی پۆلیس و ئاسایش بچوونایە، تەنانەت یاسا رێگەی داناوە بۆ ئەو كەسەی كە گوایە تۆمەتبار بێت و چەكدار بێت، بەمشێوە هەڵكوتانە نییە كە كرا.
تەنیا مادەی 56 خوێندنەوەی بۆ كرا؟
بەڵێ ئەمڕۆ تەنیا مادەی 56 خوێندنەوەی بۆ كرا، مادەی 406 لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە و كەفالەت نایگرێتەوە، بەڵام ئێمە تا پێنجشەمی داهاتوو چاوەڕێ دەكەین بزانین ئاراستەی دادگا چی دەبێت، هیوادارین نووسراوی دادگای تەمیز جێبەجێ بكرێت.
ویستم ئەوە بپرسم ئەو وێنەیەی ماوەكەی تر بڵاو كرایەوە، هی لاهوور شێخ جەنگی راست بوو؟
نەخێر ئەوەی بە زیرەكی دەستكرد دروست كرابوو، ئەمڕۆیش باش بوو سڵاومان لە یەكتر كرد.
بۆچی دەتانەوێ ئەو كەیسە بگوازنەوە بۆ هەولێر؟
ئێمە گەیشتووین بەو باوەڕەی كە دادگەری بۆ ئەو كەیسە لە سلێمانی بە دەست نایەت، ئەگەر دادگا سەربەخۆ و بێلایەن بووایە، نووسراوی دادگای تەمیز جێبەجێ دەكرا، بۆیە لەو باوەڕەداین ئەو كەیسە تەنیا لە هەولێر ڕێڕەوی یاسایی وەردەگرێت.