بنیامین نەتەنیاهۆ: چین پێویستییەكانی دروستكردنی مووشەكی ناردووەتە ئێران

:: PM:01:17:11/05/2026 ‌
جەنگ و ململانێكان لە یازدەم هەفتەیدایە و ماوە ماوە لە كەنداو مووشەك و درۆنی ئێرانی هەیە و ئەمەریكایش جارجار پەلاماری كەشتییەكانی ئێران دەدات، جەنگ لە كەنداوەوە بۆ لبنان درێژ بووەتەوە و ئەمەیش گەیشتنی بە ڕێككەوتن زۆر ئاڵۆز كردووە و كردنەوەی گەرووی هورمز و جێگیركردنەوەی نرخی نەوتیش بووەتە پێویستییەكی دنیا، لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانە، ماجۆر گاریت لە پرۆگرامی 60 خولەك له‌ كه‌ناڵی سی بی ئێس نیوزی ئه‌مه‌ریكی، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە، ئەو وریاییانە وشەكانی هەڵدەبژارد، بەڵام ئەگەر بە وردی بیخوێنیتەوە، ئاماژە و زانیاریی نوێ لەبارەی جەنگ و ناوچەكە دەزانیت.

ماجۆر گاریت: جەنگ لەگەڵ ئێران كۆتایی هاتووە؟ ئەگەر نەهاتووە، كێ بڕیار دەدا كەی كۆتایی بێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: دەسكەوتی زۆرمان بەدەست هێنا، بەڵام تا ئێستە كۆتایی نەهاتووە، تا ئێستەیش یۆرانیۆمی پیتێنراو هەیە كە پێویستە لە ئێران بهێنرێتە دەرەوە، تا ئێستەیش شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم هەن پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە، تا ئێستەیش گرووپی چەكداری بریكاری ئێران لە ناوچەكەدا هەن، تا ئێستەیش مووشەكی بالیستیك هەن و ئێران دەیەوێ زیاتریان لێ بەرهەم بهێنێت، توانیمان پیتاندنی یۆرانیۆم كەم بكەینەوە لە ڕێگەی بۆردمانەكان، بەڵام تا ئێستە بوونی هەیە، بۆیە پێویستی بە كاری زیاتر هەیە.

ماجۆر گاریت: چۆن وێنا و پێشبینی دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز لە ئێران دەكەیت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: دەچنە ناو ئێران و دەیهێنینە دەرەوە.

ماجۆر گاریت: بە چ ئامرازێك؟ بە هێزی تایبەتی ئیسرائیلی، یان هێزی تایبەتی ئەمەریكی؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: من لەسەر پرسە سەربازییەكان نامەوێ قسە بكەم، بەڵام سەرۆك ترەمپ بەمنی گوت كە دەیەوێ بچێتە ناو ئێران، ئەوە بە كردەیی دەكرێ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوە كێشە نییە، ئەگەر ڕێككەوتن هەبێ و بچێتە ناو ئێران و دەریبهێنێت، بۆچی نا، ئەوە ڕێگەیەكی باشترە.

ماجۆر گاریت: چی ئەگەر ڕێككەوتن نەیەتەدی، دەكرێ بە زەبری هێز دەربهێنرێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە، چونكە قسە لەسەر سوپاكەمان و ئەگەرەكان و پلانەكان و هیچ شتێكی لەمجۆرە ناكەم.

ماجۆر گاریت: من دەمەوێ تەنیا ئەوە بزانم، چەند كاتی دەوێ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: خشتەیەكی كاتی بوونی نییە، بەڵام تەنیا ئەوەندە دەڵێم، ئەمە ئەركێكی زۆر گرنگ دەبێت.

ماجۆر گاریت: دەكرێ جەنگی دژ بە ئێران كۆتایی بێت، بەڵام جەنگ دژی حزبوڵا بەردەوامی هەبێت، ئایا ئەمە دوو جەنگی جیاوازە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: پێویستە بەمشێوەیە بێت، بەڵام ئەوەی ئێران دەیەوێ، ئەگەر گەیشتین بە ڕێككەوتنی ئاگربەست، دەبێ ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵایش ڕابگەیەنرێت، دەزانن بۆچی؟ چونكە ئێران دەیەوێ حزبوڵا لەو ناوچەیە بمێنێتەوە و بەردەوام بێ لە ئەشكەنجەدانی لبنانییەكان و بە بارمتەگرتنی گەلی لبنان.

ماجۆر گاریت: بەمە ڕازی دەبن؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: نەخێر.

ماجۆر گاریت: تەنانەت ئەگەر سەرۆك ترەمپیش داواتان لێ بكات؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بڕوانە ئەو تێدەگات كە من چی دەڵێم، ئێمە دەمانەوێ كۆتایی بەو مەترسییە بهێنین كە هەڕەشەیە لەسەر كۆمەڵگە و شارەكانمان، ئەوان بەردەوام شارەكانمان بە مووشەك بۆردمان دەكەن و كۆمەڵگەكەمان بەهەمانشێوە، ئایا كەس دەیەوێ بەمشێوەیە بژی و مووشەك بهاوێژرێتە ناو شارەكەی؟

ماجۆر گاریت: كەواتە دەكرێ كە ئەو دۆخە بەردەوامی هەبێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بەڵێ.

ماجۆر گاریت: تەنانەت ئەگەر تەنگژەی ئێرانیش چارەسەر ببێ و كۆتایی بێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: نەخێر، ئەگەر ڕژێمی ئێران لاواز ببێ یان بڕووخێت، لەو بڕوایەدام كە ئەمە كۆتایی حزبوڵا و حەماس و حووسییەكانیش دەبێت، لەبەرئەوەی ژێرخانی تۆڕی تیرۆر لە ڕێگەی بەكرێگیراوەكانەوە كە ئێران دروستی كردووە، بە تەواوی هەرەس دەهێنێت، ئەگەر ڕژێمی ئێران تووشی هەرەسهێنان بێت.

ماجۆر گاریت: لەو باوەڕەی كە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی ئێران هەیە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: ناتوانم پێشبینی كاتی ڕوودانی ئەوە بكەم، بەڵام ئایا دەكرێ، بەڵی، بەڵام گەرەنتیكراوە، نەخێر.

ماجۆر گاریت: پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە، لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان لە 11ی شوبات/فێبرایەر، نەتەنیاهۆ هەوڵی گەورەی دا كە بڕوا بە سەرۆك بهێنێت، ئێران خەریكە ڕژێمەكەی دەگۆڕێت و باوەڕی بەوە هەیە كە ئەركی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ كۆتاهێنانی یەكجارەكی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاوبەشە، ئەمە ڕاستە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: نەخێر، ئەمە ڕاست نییە.

ماجۆر گاریت: بە چ شێوەیەك لە شێوەكان ئەمە ناڕاستە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: ئەوە ڕاست نییە، چونكە من گوتم، بە دڵنیاییەوە ئێمە دەتوانین ئەوە بكەین... هتد.

ماجۆر گاریت: لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیەدا؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بەڵێ.

ماجۆر گاریت: ئاماژە بۆ حاڵەتی نادڵنیایی دا؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: تەنیا ئاماژەم پێ نەدا، بەڵكو ڕێككەوتین لەسەر ئەوەی كە حاڵەتی نادڵنیایی و مەترسی هەیە، ئەو گوتی، لە كاردا مەترسی هەیە و پێویستی بە ڕێوشوێنە، بەڵام گەورەترین مەترسی ئەوەیە كە ڕێوشوێن نەگریتەبەر.

ماجۆر گاریت: نیویۆرك تایمز ئەوەیشی نووسیوه كە تۆ و تیمەكەت مەرجتان داناوە و زۆر دڵنیابوون لە سەركەوتن و گوتووتانە، ڕژێم بە جۆرێك لاوازە كە ناتوانێ گەرووی هورمز دابخات، ئایا ئەمە ناڕاستە لە ڕووی واقیعییەوە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: ناتوانین ئەوە بە وردی دیاری بكەین، بەڵام كێشەی گەرووی هورمز بە بەردەوامبوون لە جەنگ بە تەواوی ڕوون بووەوە.

ماجۆر گاریت: ئێستە پرسەكە ڕوونە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بەڵێ، ئێستە ڕوونە.

ماجۆر گاریت: لە سەرەتاوە بە هەڵە خوێندنەوەتان بۆی كرد؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: دڵنیا نیم لەوەی بە هەڵە خوێندنەوە كرابێ، بەڵام وەك دەزانن مەترسیی گەورە هەیە كە هەڕەشەیە لەسەر ئێران، بەڵام ئەمە پێویستی بە كات بوو تا قەبارەی مەترسییەكان دەربكەون، ئەوەی ئێستە پەی پێ دەبەین، من بانگەشەی پێشگۆیی ناكەم، بەڵام هیچ كەسێك پێشگۆیی لەمجۆرەی نەبوو، تەنانەت ئێرانییەكانیش،  هاوكات قەبارەی وەڵامی سەربازی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو و ئەو زیانانەی كە پێیان گەیشتووە، پێشبینی نەدەكرا، ئێستە توانای فراوانكردن و قووڵكردنەوەی ڕێككەوتنەكان و هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەبینم كە هیچ كات خەونیشمان پێیەوە نەدەبینی.

ماجۆر گاریت: نیگەرانیی زۆر لای هەندێ وڵاتی كەنداو هەیە كە ڕێگە بەوە نادەن و نایانەوێ ئیسرائیل هەژموونی ستراتیجی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەپێنێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بۆچوونی جیاواز لەوبارەیەوە دەبیستم لای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام ناچمە ناو وردەكارییەكەیەوە.

ماجۆر گاریت: لە هەموویان؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: نەخێر، بەڵام هەندێكیان كە پێشتر گوێم لەوە نەبووە و دەڵێن، پێویستە هاوپەیمانیمان لەگەڵ ئیسرائیل بەهێز بكەین، بەڵام ئەو واقیعە وەڵامی ئێرانی بەدوادا دێت، بۆیە بە پێویستی دەزانن هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل بەهێز بكەن، ئێمە دەتوانین بەیەكەوە دەسكەوتی مەزنمان هەبێت.

ماجۆر گاریت: ئەو ڕێڕەوە بەر لە دەستپێكردنی ململانێكان ڕوون بوو؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: ئەمە لە سەرووی پێشبینییەكانەوە بوو،  لە كاتێكی تر ئەمە ڕادەگەیەنم، بەڵام ئێستە ناتوانم هەموو شتێك دەرببڕم، بەڵام ئەوەندە دەڵیم كە ئاستی هاریكاریی ئابووری لە بواری وزە و ژیریی دەستكرد و تەكنەلۆجیا كە ئیسرائیل وەك هێزێكی گەورە تێیدا دەردەكەوێت، ئەوان ئەمە بە دەرفەتێك بۆ بەشداربوون لەو بەرهەمانە و پێشاندانی تواناكانی خۆیان دەبینن.

ماجۆر گاریت: دەمەوێ پرسیاری ئەوەتان لێ بكەم، چی دەزانن لەبارەی پێشكەشكردنی پشتیوانیی سەربازی لەلایەن چینەوە بۆ ڕژێمی ئێران، ئایا ئەمە ڕاستە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: چین توانا و پشتیوانیی سنووردار لە پێكهاتەكانی دروستكردنی مووشەكی بە ئێران داوە، بەڵام ناتوانم ئەمە بە ڕوونی ئاشكرا بكەم.

ماجۆر گاریت: ئایا ئەمە بێزارت دەكات؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بەڵێ، حەزم بەمە نییە.

ماجۆر گاریت: بەڵام ئەو ئەمە دەكات وەك دەردەكەوێت؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: لەوانەیە، نامەوێ بە ناوی چین قسە بكەم و نامەوێ لەسەر ئەو بابەتەیش زیاتر بدوێم.

ماجۆر گاریت: ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە ئیسرائیل چاو بە پێوەندییە داراییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بخشێنێتەوە و دووبارە خۆی ڕێك بخاتەوە، وەك ئەوەی ئەمەریكا ساڵانە پێشكەشی ئیسرائیلی دەكات؟.
بنیامین نەتەنیاهۆ: بە دڵنیاییەوە سەرۆك ترەمپ گوتی و منیش بە گەلەكەمم گوت، پێم گوتن بڕوانن.

ماجۆر گاریت: مەبەستت چی بوو لە گوتنی ئەمە؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: دەمەوێ ڕێژەی پشتیوانییەكانی ئەمەریكا بۆ سفر كەم بكەمەوە، هاریكاریی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل ئێستە ساڵانە 3.8 ملیار دۆلارە، لەو باوەڕەدام كە ئێستە كاتی كەمكردنەوەی پشتبەستنمانە بە ئەمەریكا و پشتیوانییە سەربازییەكانی.

ماجۆر گاریت: دەتوانی خشتەیەكی كاتیم بۆ ئەوە پێ بڵێی؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: گوتم لە ئێستەوە دەست پێ دەكەین تا دەیەی داهاتوو، بەڵام من دەمەوێ ئێستە دەست پێ بكەم و نامەوێ چاوەڕوانی كۆنگرێسی داهاتوو بكەم.

ماجۆر گاریت: وا بیر دەكەیتەوە كە ئیسرائیل تووشی مەترسی و دۆڕان لەم جەنگە دەبێتەوە، لە بەرەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی؟ لە ئەمەریكا گەنجان و كۆماری و دیموكراتییەكان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەڵێن، "گەمژەكان هێرش دەكەنە سەر غەزە و لبنان؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: ئیسرائیل هەموو هەوڵەكانی خۆی داوە، بۆ دەرخستنی خەڵكی سڤیلی بێتاوان لە بازنەی مەترسییەكان، بە ملیۆنان نامە و پێوەندیی تەلەفۆنیان بۆ دەكەین و بڵاوكراوە و نووسراو لە ئاسمانەوە بڵاو دەكەینەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەستمان بە كەمبوونەوەی پشتیوانی ئیسرائیل لەلایەن خەڵكی ئەمەریكا لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كردووە، بەڵام پێویستە ئەوە بزانن كە ژمارەیەك وڵات لە ڕێگەی ژیریی دەستكردەوە یاری بە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەكەن.

ماجۆر گاریت: لەو بڕوایەدای سەرۆك وەزیران كە ئیسرائیل هیچ هەڵەیەكی تاكتیكی و ستراتیجی لە غەزە و بەرەی ڕۆژئاوا نەكردووە، كە بووبێتە هۆی دروستبوونی ئەو وێنە نەرێنییە لەسەر ئیسرائیل لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی؟
بنیامین نەتەنیاهۆ: بەڵێ، ئەمە جەنگە و لە جەنگەكان سوپاكان هەڵە دەكەن و خەڵكی سڤیل دەكوژرێن، ئەمە هەڵەیە، بەڵام بە ئەنقەست ئەنجام نادرێت، ئیسرائیل لە ڕووی میدیایی و پروپاگەندەوە دەورە دراوە و نەیتوانیوە لە جەنگی پروپاگەندە سەركەوتوو بێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د