شوكریە عەباس بەڕٍێوەبەری نەخشەدانان لە وەزارەتی شارەوانی، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ "وشە" وردەكاریی دابەشكردنی زەوی باس دەكات و ئەو هەنگاوانەش روون دەكاتەوە كە ئێستە بۆ دابەشكردنی زەویی نوێ دەستی پێ كردووە.
كەی دابەشكردنی وەجبەیەكی تری زەوی لە هەولێر دەبێت؟
ئێمە ئێستە نەخشەی حەوت هەزار پارچە زەویمان ئامادە كردووە و رادەستی سەرۆكایەتیی شارەوانیمان كردووە، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی بكەن و سەرجەم كارەكانیان تەواو بووە.
هیچ كاتێك بۆ دابەشكردنی هەیە؟
هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە پێش جەژن ئەو حەوت هەزار پارچە زەوییە دابەش بكرێت، ئێستە ئامادەكاری دەكرێت و نەخشەكەیان تەواو بووە، هەر حەوت هەزار پارچە زەوییەكە بۆ فەرمانبەران نییە، بەڵكو بەشێكی قەرەبووی جووتیاران دەبێت.
گرفت چییە ئەو ماوەیە كارەكان خاو بوونەتەوە؟
راستییەك هەیە پێویستە هەمووان بیزانن، بەهۆی شەڕەوە ئێستە بەهیچ شێوەیەك درۆن نافڕێنرێت تا زەوییەكان لای خۆمان تۆماری بكەین، هەروەها GPS كار ناكات، بۆیە بە لێهاتوویی ئەندازیارەكانمان ئەو كارەمان كردووە و هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری ویستووە.
ئەو شوێنەی ئەمجارە زەویی تێدا دابەش دەكرێت ناوی چییە؟
ئەو شوێنەی ئەمجارە زەویی بۆ دابین كراوە پێی دەڵێن زەوییەكانی "بەرزین"، لە تەنیشت سەیدان و دواین شوێنی دابەشكردنی زەوییە كە ئێستە دابەش كراوە.
زەوییەكان زۆر چووە بەرەو رێگەی دهۆك ئەم شوێنە ناوی چی دەبێت؟
لە داهاتوودا ئەو شوێنە بەكۆی گشتی دەبێتە "هەولێری داهاتوو"، سەرجەم زەوییە دابەشكراوەكانیش لەو شوێنە دەبێت و تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكانیان هەیە تێیدا سوودمەند دەبن.
كاروباری زەوییەكانی ئاشۆكان گەیشتە كوێ؟
جیاكردنەوە و گەڕانەوەی خاوەندارییەتی ئەو زەوییانە كاری زۆری دەوێت، ئێستە كارەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی تێبینەری خانووبەرەیە، چاوەڕوانین لەوێ كارەكان تەواو بێت و بخرێتە سەر ناوی شارەوانی، لەو كاتە كاروباری فەرمانبەران دەست پێ دەكات و دەبێت مامەڵەی تاپۆكردن دەست پێ بكەن.
بۆ ئەوەی كاروبارەكان خێرا بكرێن چی پێویستە؟
لە رێی ئێوەوە دەمانەوێت ئەو پەیامە بگات، ئەویش ئەوەیە سەرجەم وەزارەتەكان كاروباری خۆیان لەوبارەیەوە خێرا بكەن، بۆ ئەوەی بەزوویی كاروبارەكان تەواو بن، هیوادارین زەوییەكانیش بەزوویی خزمەتگوزارییان بۆ بچێت و بەهایان بەرز بكەنەوە.