هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" باسی ئامادەكارییەكان بۆ قوربانیكردن دەكات و دەڵێت، پێشبینیی ئەوە دەكرێت ئەمساڵ رێژەی قوربانی دابەزێت بۆ %25ی ساڵی رابردوو، ئەوەیش بەهۆی چەند هۆكارێك.
كوشتارگەی هەولێر بۆ قوربانی ئامادە كراوە؟
ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، لە ڕێكخستنەوەی ناو گوشتارگە و پاككردنەوە و پڕژاندنی بە دەرمانی تایبەت، بۆ ئەوەی پرۆسەی قوربانیكردن دوور لە هەموو نەخۆشییەك بەڕێوە بچێت.
چ كاتێك كوشتارگە كراوەتەوە و هاووڵاتی دەتوانێ سەردانی بكات؟
لە هەر چوار ڕۆژی جەژندا لە سەعات شەشی بەیانی بۆ سەعات شەشی ئێوارە، كوشتارگە كراوە دەبێت و پزیشكی ڤێتێرنەری و قەساب و كارمەند، 12 سەعات لە خزمەت هاووڵاتییان دەبن.
بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكەن ئاستی قوربانیكردن چۆن بێت؟
بەداخەوە ئەو چەند رۆژە ئەوەی ئێمە لە مەیدانی ئاژەڵان بەدواداچوونمان كردووە، ئەمساڵ ئاستی قوربانیكردن زۆر كەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵی رابردوو، دەتوانم بڵێم دادەبەزێت بۆ 25%ـی ساڵی رابردوو، چونكە لەم چەند رۆژە رێژەی كڕین زۆر كەم بووەتەوە.
هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
دۆخی دارایی باش نییە، لە هەمان كاتدا نرخی ئاژەڵ 10% گران بووە، واتا نزیكەی هەر كیلۆیەك هەزار بۆ هەزار و 250 دینار گران بووە، ئەوەیش وا دەكات هاووڵاتی توانای كڕینی نەبێت.
پشكنیكی تەندروستی بۆ ئەو ئاژەڵانە دەكرێت پێش سەربڕینیان؟
بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ نەخۆشییەك، هەموو ئاژەڵێك پێش ئەوەی سەر ببڕدرێت، لەلایەن پزیشكەوە پشكنینی بۆ دەكرێت و دواتر پشكنینی دووەم بۆ گۆشتەكەی دەكرێت، واتا پشكنینی تەندروستی بۆ دەكرێت ئەوجا سەردەبڕێت.
توانای كوشتارگە چەندە ئەگەر قوربانی زۆر بێت؟
ئێمە دەتوانین لە ماوەی هەشت سەعاتدا 20 ئاژەڵی گەورە و هەزار و 200 ئاژەڵی بچووك سەربڕین و چاكی بكەین و بیدەینەوە هاووڵاتییان، بەڵام ئەوەی ئێمە دۆخەكەمان هەڵسەنگاندووە، ئەمساڵ قوربانیكردن زۆر كەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو.
لە هەرێمی كوردستان ساڵانە لە جەژنی قورباندا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان، قوربانی دەكەن و ئاژەڵی گەورە و بچووك سەردەبڕن. بەگوێرەی ئامارەكانی كوشتارگەی هەولێر، ساڵی 2023 هەزار و 872 ئاژەڵ سەربڕاون و لە ساڵی 2024 هەزار و 28 ئاژەڵ لەو كوشتارگەیە بۆ قوربانی سەربڕاون، لە ساڵی 2025 هەزار و 461 ئاژەڵ سەربڕاون.