هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میلیشیاكان پێویستی به‌ هه‌نگاوی كرداره‌كییه‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ڵێنی سیاسی

:: AM:10:28:23/06/2026 ‌
جۆشوا هاریس هەڵسووڕێنەرەی كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "حوڕە" گوتی، داماڵینی چەكی میلیشیاكان و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت مەرجی سەرەكی كردنەوەی پەرەیەكی نوێیە لە پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن، هۆشداریی دا كە بەشدارپێكردنی میلیشیاكان لە حكوومەت بە هەر وەسف و ناوێك لەگەڵ ئەو هاوبەشایەتییە ناگونجێت كە ئەمەریكا لەگەڵ بەغدا دەیەوێت، هاوكات واشنتن چاوەڕوانی هەنگاوی ڕوون و كردەیی بۆ داماڵینی چەك لە میلیشیاكان و كۆكردنەوەی لە دەستی دەوڵەت دەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا واشنتن پشتیوانی هەوڵەكانی عەلی زەیدی بۆ گێڕانەوەی سەروەی و ڕێكخستنی چەك لە ژێر دەستی دەوڵەت دەكات، بەڵام سەركەوتنی ئەمەیش پێویستی بە هەنگاوی كردارەكییە نەك تەنیا بەڵێنی سیاسی.

حوڕە: چۆن لە حكوومەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەڕوانن؟ ئایا ئەو دەتوانێ چاكسازی پێویست لە عێراق بهێنێتە دی؟ مەبەست چاكسازی تەناهی و ئابوورییە، ئایا ئێوە پشتیوانی ئەو حكوومەتەن؟.
جۆشوا هاریس: ئەوەی دەیبینن ئەوەیە كە دیپلۆماسیی ئەمەریكا سەرنجی زۆری خستووەتە سەر پێوەندییەكی بەهێز و سوودبەخش بۆ هەردوولا لە نێوان ئەمەریكا و عێراق، سەرۆك ترەمپ و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق تۆم باراك بە ڕوونی ئەوەیان دووپات كردووەتەوە، هیوای سەركەوتنیان بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ لە كارەكانی خواستووە و داوایش كراوە حكوومەتێكی بێ گرووپە تیرۆریستییەكان و چالاك كە داواكانی خەڵكی عێراق جێبەجێ بكات لەسەر حوكم بێت، واتە ئەو حكوومەتە داهاتووی عێراق بەرەوپێشەوە ببات و حكوومەتێكی سەربەخۆ بێ و سەروەری و ئاسایش و گەشەسەندن لە وڵات بهێنێتە دی، كاری زۆر هەیە پێویستە لە ڕێگەی هاوئاهەنگی و هاریكاری لە نێوان عێراق و ئەمەریكییەكان بهێنرێتە دی.

ئەوە شەرەفێكی گەورەیشە بۆ من و نێردەی دیپلۆماسیمان لە بەغدا كە هەفتەی ڕابردوو پێشوازیمان لە نێردەی تایبەتی سەرۆك كرد كە سەردانی عێراقی كرد، ژمارەیەك دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەركردەكانی تری عێراق ئەنجام دا. لە میانەی كۆبوونەوەكانیشی دووپاتی لە گەیاندنی سڵاو و پشتیوانی سەرۆك ترەمپی بە عەلی زەیدی كردووەتەوە، هاوكات سەرۆك ترەمپ چاوەڕوانی میوانداریكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقە لە كۆشكی سپی لە مانگی داهاتوودا.

حوڕە: ئایا ئێوە ڕژدن لە هەڵوێستتان بە مامەڵە نەكردن لەگەڵ حكوومەتێك كە میلیشیاكانی تێدا بێت؟ ئایا پشتیوانی هەوڵەكانی بەغدا بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت دەكەن؟
جۆشوا هاریس: هەڵوێست و پشتیوانیمان زۆر ڕوونە، هاوكات كاری زۆرمان هەیە دەبێ بیكەین، جیا لەوەی گفتوگۆ لە ئاستێكی باڵا لەسەر ئەو بابەتە بوونی هەیە، ئەوە دەڵێم ئێمە هەمان ڕوانینمان هەیە كە ئێستە بەغدا هەیەتی، ئێستە كاتی كردارە، مانگەكانی ڕابردوو پێوەندییەكانمان بە ئاڵنگاری گەورە تێپەڕین، هەموو عێراق لەو كاتە لە ژێ توندوتیژیدا بوو، گرووپە تیرۆریستییەكان سەتان هێرشیان كردە سەر باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان و هاوڕێكانمان لە ناوچەكە، ئێستە پەیبردنێكی هاوبەش لە عێراق دروست بووە، ئەویش ئەوەیە عێراق لە ململانێكان بە دوور بگیرێت،  جێگیری و ئاسایش زۆر گرنگن بۆ گێڕانەوەی سەروەری وڵات.

ئەوە بنەمای سەرەكییە، جیا لەوە ژمارەیەكی زۆر دەرفەت لە پێوەندییەكانمان لە ڕێگەی هاریكاری ئابووری و بازرگانی بۆ نووسینەوەی وەرزێكی نوێ لەوبارەیەوە بوونی هەیە. عێراقییەكان پێشبینی و خەونیان بۆ داهاتوو هەیە، داهاتوویەكی جێگیر و ئاوەدان و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری، هاوكات ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێشبینی هەیە كە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات هەیە، هەمان ڕوانین و دیدگەمان بۆ عێراق هەیە كە هاوبەشەكانمان لە حكوومەتی عێراق ئێستە كاری لەسەر دەكەن.

شێوەی حكوومەتی عێراقی هەر چۆنێك بێ ئەمە كارێكە پێوەستە بە سەروەریی عێراق، هاوكات ئەمەریكا چۆن وەڵامی دەبێ و كار لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكات، ئەوە بڕیارێكە پێوەستە بە سەروەریی ئێمە، بۆیە هەڵوێستی ئەمەریكا ڕوونە، بوونی هەر لایەنێك كە لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە لە ناو هەر حكوومەتێكی عێراق بە هەر وەسف و ناوێكەوە بێت، ئەوا لەگەڵ بنەمای هاوبەشایەتی ئەمەریكا و عێراق نایەتەوە كە ئێمە چاوەڕوانی لێ دەكەین.

سەرۆك ترەمپ بە ڕوونی قسەی لەسەر ئەو بابەتە كرد و پشتیوانی و ئاواتی سەركەوتنی بۆ عەلی زەیدی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بێ تیرۆر خواست، كە كار لەسەر داهاتوویەكی گەشەسەندوو و گەشاوەی بۆ عێراقییەكان و هاوبەشایەتیمان بكات. هەڵوێستی ئەمەریكا زۆر ڕوونە لەو بوارە، بوونی لایەنە تیرۆریستییەكان لە ناو حكوومەت، پێوەندییەكانمان بەرەوپێشەوە نابێت و ناتوانین كار لەگەڵ ئەو حكوومەتە بكەین و ناگونجێت لەگەڵ پێشبنییەكانمان بۆ ئەو هاوبەشایەتییەی دەمانەوێ هەمانبێت، هەروەها ئەوەیش دەڵێم كە بوونی ئەوان لەگەڵ پێشبینی و خواستەكانی زۆرینەی ڕەهای خەڵكی عێراقیش ناگونجێت.

زۆر كاری گرنگ هەن و زۆر هەوڵی گرنگ خراونەتە گەڕ، بۆ نموونە هەفتەی ڕابردوو بەیاننامەیەكی هاوبەشی سەرۆك وەزیران و نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ بوونی هەبوو، تێیدا دووپات لە گێڕانەوەی سەروەری عێراق و داماڵینی تەواوەتی چەك لە دەستی میلیشیاكان و هەڵوەشانەوەیان كە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك گرووپی تیرۆریستی هەژمار كراون، بەهۆی ئەوەی توندوتیژی زۆریان بەرانبەر بە عێراقییەكان و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە و هاوڕێكانمان لە ناوچەكە بەكار هێناوە، بابەتی گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، ئەوە ڕوانینێكی عێراقییە و ئەمەریكا پشتیوانی ئەو خواستە دەكات، لەوبارەیشەوە گفتوگۆی چڕمان هەیە لە پێناوی هێنانەدی بەرژەوەندیی هاوبەش و جێبەجێكردنی تەواوەتی و جاڕدانی لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا.

من دەرفەتم هەبوو كە لە 2010ەوە لە عێراق كار بكەم، واتە ماوەی 16 ساڵە ژیانی پیشەییم لێرەیە، دڵخۆشم كە كار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەكەم، دەرفەتی ئەوەیشم هەبووە كە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عێراق بكەم، لەبارەی هاوبەشایەتیمان و داهاتووی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا، گوێم لێگرتوون و تێگەیشتووم كە چۆن لەسەر ئەو بابەتە بیر دەكەنەوە. تێگەیشتنی من لە ویستی خەڵكی عێراق ئەوەیە كە سەرجەمیان هاوڕان نابێ خاكی عێراق بۆ هەڕەشەكردن لەسەر ئاشتی ناوچەكە بەكار بهێنرێت، جێگیری و ئاسایش زۆر گرنگن، بیرۆكەی بەكارهێنانی خاكی عێراق وەك هەوڵێك كە وڵات بگلێنرێتە ناو توندوتیژی و ململانێ و ئاڵۆزییەكان، لێرە پێشوازیی لێكراو نییە و هیچ كەسێك ئەوەی ناوێت.

لەو كاتەی توندوتیژی لێرە دژی عێراقی و ئەمەریكییەكان زۆر بوو، باڵوێزخانەكەمان كراوە بوو بۆ پشتیوانیكردنی هاووڵاتییانمان، ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە بەدەستمان هێنا و كارمان لەسەری كرد بۆ یەكلاكردنەوە و هێشتنەوەی پێوەندییەكان كە بەهایەكی باشی بۆ ئەمەریكا و عێراق هەیە، بەتایبەت لەو كاتە ئاڵۆز و گرنگەی ململانێكان.

حوڕە: ئەمەریكا دەتوانێ چی پێشكەشی حكوومەتی زەیدی بكات، بۆ بەدیهێنانی ئەوەی كە باسی لێوە دەكەین، داهاتوویەكی پرشنگدار و پشتیوانیكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت؟
جۆشوا هاریس: بە چڕی لەگەڵ سەرۆك وەزیران عەلی زەیدی و حكوومەتەكەی و هاوبەشەكانمان لە عێراق كار دەكەین تا ئەنجامەكان ببینن، هەموومان دەمانەوێ دەرئەنجامەكان لەو بوارەوە ببینن، ببینن ئەو حكوومەتە سەركەوتوو دەبێ لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە عێراقییەكان كە خەڵكی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی لێ دەكەن، تا داهاتوویەكی خاوەن سەروەری و پڕ لە ئاسایش و گەشەسەندنیان هەبێت، لە پێناوی بەدیهێنانی ئەمە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە و جێبەجێكردنی تەواوەتیشی كارێكی یەكلاكەرەوەیە.

دووپات لەوەیش دەكەمەوە كە ئەمەریكا بە ڕوونی ئاڵنگارییەكان دەبینێت، هاوكات هاوبەشەكانمان  لە عێراقیش بە هەمانشێوە ئاڵنگاری و دەرفەتی گرنگیان لە بەردەمە لەو ساتەی ئێستە، بۆ ئەوەی ژینگە و دۆخێكی پڕ لە سەركەوتن لە عێراق دروست بكەن، با ببینین عێراق سەروەری دەوڵەت دەگێڕێتەوە و مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاری و هەڕەشەی میلیشیاكان دەكات. چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كۆنترۆڵ دەكات، پەی بەوە دەبرێ كە ئەمە ئەركێكی قورسە، بەڵام پێویستە درك بەوەیش بكەین، سەركەوتنی ئەو ئەركەیش زۆر گرنگە و پێویستی بە هەوڵی زۆر و خێرا هەیە.

حوڕە: دۆسیەی وزە یەكێكە لە ئاڵنگارییە گەورەكان كە بووەتە كێشە لە بەردەم حكوومەتەكانی عێراق و عێراقییەكان لە چەند دەیەی ڕابردوو، واشنتن چۆن دەتوانێ یارمەتی بەغدا لەو دۆسیەیە بدات؟ 
جۆشوا هاریس: كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە ڕووی تەكنیكییەوە باشتر چارەسەر پێشكەشی عێراق دەكەن، جیا لەوەیش پشتیوانی بنیاتنانی داهاتووی دۆسیەی نەوت و غاز و كارەبا دەكەن، بۆ ئەوەی وڵاتەكە ببرێتە ئاستێكی تر و دەرئەنجامی گەورەی هەبێت، گەورەترین و بە تواناترین كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ئێستە كار لە عێراق دەكەن و لەو بوارە چالاكن، دەیانەوێ كارەبا بەرهەم بهێنن، پەرە بە سامانی ئەو وڵاتە بدەن، لەوانە كێڵگەی عوكاز و دووبارە بەكارهێنانی غازی سووتاو بە هەوا لە بیرە نەوتەكان و ڕێگریكردن لەوەی بەهەوادا بسووتێ و ژینگەیش پیس بكات، كاركردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەو بوارە لە پانتایەكی فراوان بوونی هەیە.

كۆمپانیاكانی ئەمەریكا كار لەو كەرتانە دەكەن، لە پێناوی جووڵەپێكردنی پڕۆژەكان و كاركردن لە یارمەتیدان بۆ داخستنی ئەو بۆشاییانەی كە لە نێوان بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە بوونی هەیە. هاوكات كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكی لە كێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە 2 و ناسریە كار دەكات، كۆمپانیای هانیویل و بیكەر هیوز كار لەسەر فراوانكردنی هەناردەی گازی سروشتی لە خور زوبێر لە بەسرە دەكەن، كۆمپانیاكانی تری ئەمەریكی ئێچ كەی ئێن و وێسترن زاگرۆس، كۆمپانیای هانت لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لە چوارچێوەی ئەجێندایەكی بازرگانی و ئابووری فراوان، ئەو بەهرە و تەكنەلۆجیا و ئەزموونەی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا پێشكەشی عێراقی دەكەن، گرنگ، بۆیە دووپات لەوە دەكەینەوە كە پێوەندی باشی هەردوولا بە سوودە و لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە.

حوڕە: چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپە میلیشیایانە دەكەن كە ڕەتی دەكەنەوە چەك ڕادەستی دەوڵەت بكەن؟ ئایا لە ڕووی سەربازییەوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، یان ڕووبەڕووی ئەمری واقیع دەبنەوە و بوونیان دەبێتە شتێكی یەكلاكەرەوە و ناتوانرێ بێتە گۆڕین؟
جۆشوا هاریس: خەمڵاندن بۆ ئەوە ناكەم و كاری من خەمڵاندن نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە حكوومەتی ئەمەریكا لە ژێر سەركردایەتیی سەرۆك ترەمپ لە هەر شوێنێكی دنیا بێ هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئەمەریكییەكان دەگرێتەبەر، ئاراستە و ڕوانگەی حكوومەتی زەیدی ڕوونە كە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێ دابمەزرێنرێتەوە و دووبارە بسەپێنرێتەوە، ئەو گرووپانە كە ئێمە بە گرووپی تیرۆریستی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتیان دەبینین، دەبێ بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بن. پێویستە چەكەكانیان لێ وەربگیرێتەوە و هەڵبوەشێنرێنەوە و چەكدارەكانیشیان بخرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە و چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت، ئەوە ڕوانینی زۆر ڕوونە و ئێمەیش پشتیوانی دەكەین، هاوكات چاوەڕوانی جێبەجێكردنین بە تەواوی و خێرایی.

حكوومەتی ئەمەریكا كار لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و دانانی ئەمەریكا لە ڕیزی یەكەم و لە سەرووی هەموو شتێكەوە دەكات، چاوەڕوانی ئەوە ناكەین كە حكوومەتی عێراقیش بەهەمانشێوە بەرژەوەندیی عێراق بخاتە سەرووی هەموو شتێكەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ڕۆڵی ئەو میلیشیایانە چی دەبێت؟ چ كارێك بەو میلیشیایانە دەكرێت؟ ئایا ئەو گرووپانە هاوڕان لەسەر ئەوەی بەرژەوەندیی عێراق بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە؟

حوڕە: پرسیارەكەت وەڵام نەدامەوە، بۆردمانی نوێی میلیشیاكان دەكەن، ئەگەر چەك دانەنێن؟
جۆشوا هاریس: بە بەردەوامی ئامرازەكانمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان و پاراستنی هاووڵاتییەكانمان بەكار دەهێنین، ئامرازەكان و هێزی ئەمەریكایش هەمیشە ئامادەن، ئێمەیش بەكاریان دەهێنین، ئەمەریكا دەیەوێ توانای كاركردنی لێرە بە ئاسایش و ئارامی هەبێت و پەرە بە پێوەندییەكان بدات، نامانەوێ باڵوێزخانە و كۆمپانیاكانمان و هاووڵاتییانمان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا بن. دەمانەوێ كار بكەین ئەو پێوەندییەی هەمانە دەستەبەری ئاشتی و ئاسایش  بكات، ئەمەیش خواست و ویستی عێراقییەكانیشە، وەك چۆن پێش ئێستە گوتم، كاتی ئێستە گرنگە بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و چارەسەكردنی ئاڵنگاری میلیشیاكانی دەرەوەی دەسەڵاتی یاسا، گومانی تێدا نییە ئەمەیش دەبێ بە پەلە ئەنجام بدرێت.

لە میانەی گفتوگۆم لەگەڵ حكوومەت و سیاسییەكان و بەرپرسانی دەوڵەت لە عێراق، ویستێكی ڕوون هەیە كە بە پەلە ئەو ڕوانینە گرنگە جێبەجێ بكرێ و دەسەڵاتی دەوڵەت بێتە گەڕانەوە، پەلەیش بكرێت لە ئاڵنگاری میلیشیاكان و بە پەلە هەڵبوەشێنرێنەوە و هەنگاوی كردارەكی بگیرێتەبەر و پاشگەزبوونەوە بۆ داماڵینی چەك لە دەستی میلیشیاكان و هەڵوەشانەوەیان نەبێت، كارەكە بە پەلە و ناكرێ زۆر چاوەڕوانی بكەن.

وەك پێشتر گوتم، گفتوگۆی چڕمان لەگەڵ بەغدا لەبارەی نیاز و ویستەكانی حكوومەت بۆ سەپاندنی سەروەری دەوڵەت و هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و گێڕانەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت هەیە. ئەمە پلانێكی عێراقییە و خواست و ویستی عێراقیشە، لە تەك ئەمەدا چاوەڕوانی ئەوەین كە عێراقییەكانیش هەمان شتیان دەوێت. پێویستە كردار لەسەر ئەو بابەتە هەبێت بۆ تەواوكردنی هاوبەشایەتی نێوان هەردوو وڵات.

حوڕە: ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران كاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت؟ یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕیشەكێشكردنی میلیشیاكان یان فراوانكردنی دەسەڵات و هەژموونیان؟
جۆشوا هاریس: ئێستە گرنگترین شت ڕوانینی حكوومەتە، حكوومەت دەیەوێ بەرژەوەندیی عێراقییەكان بباتە پێش هەموو شتێكەوە؟ ئەمەریكا دەیەوێ ئەو كارە بكات، لەبەرئەوە پێویستە حكوومەتی عێراقیش عێراق بخاتە سەرووی هەموو شتێكەوە و بەرژەوەندییەكانی عێراقییەكانیش بەهەمانشێوە لە سەرووی هەموو شتێكەوە دابنێت، لەوە دەڕوانین كە عێراقییەكان دەیانەوێ دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەرییەكی دابمەزرێننەوە، بەڵام ئەمە بێ ئاڵنگاری ئابووری و كەمی كارەبا و دۆخی دارایی ئاڵۆز نابێت. گومان لەوەدا نییە هەڕەشە ئابوورییەكان كە عێراق لە قۆناغی داهاتوو تووشی دەبێت، زۆر گەورەیە و پێویستە سەرنج لە سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانە وەربگیرێت و ئاڵنگارییەكان بۆ دەرفەت بێنە گۆڕین.

بنەمای هاوبەشەكانی سوودبەخش بۆ هەردوو وڵات لە ڕووی تەناهییەوە مامەڵەكردنی دەوڵەتە لەگەڵ ئاڵنگاری میلیشیاكان و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت، ئەو بنەمایە بەربەستێكە و پێویستە بەدی بهێنرێت و كۆتایی پێ بێت، تا بتوانین هاوبەشایەتییەكی سوودبەخش بۆ هەردوولا پێكبهێنین، پێوەندی بۆ ئێمە گرنگە لەو كاتە ئاڵۆزەی وڵات و ناوچەكە پێوەی تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ ئەوەیش دەرفەتی گەورە بوونی هەیە، بۆیە گرنگیی ئەو كاتەی ئێستە و ڕەنگدانەوەی هاتنی تۆم باراكی نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپە بۆ عێراق و بانگهێشتكردنی عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتە بۆ واشنتن و دیدار لەگەڵ سەرۆك ترەمپ، تا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لەو كاتە گرنگەی ئێستە پێیدا تێپەڕ دەبین، بكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د