به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، به بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئارد به نرخێكی هه‌رزان ده‌درێته نانه‌وه‌خانه و سه‌موونخانه و ئه‌وانیش پێویسته 10 سه‌موون و 10 نان به هه‌زار دینار بده‌نه هاووڵاتییان.
نه‌وزاد شێخ كامیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی بازرگانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، به‌مه‌به‌ستی هه‌رزانكردنی نان و سه‌موون له نانه‌واخانه و سه‌موونخانه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیای قه‌یوان و خۆشناو گفتوگۆمان كردووه و بڕیاریان داوه ئارد به هه‌رزان بدرێته نانه‌وه‌خانه و سه‌موونخانه، بۆ ئه‌وه‌ی 10 نان و 10 سه‌موون به كێشی 100 غه‌رام بدرێته هاووڵاتییان به هه‌زار دینار و له سلێمانی ده‌ستی پێ كردووه و له هه‌ولێریش ده‌ست پێ ده‌كات.
زیاتر گوتی، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه وه‌ك هاوكاریی بۆ هاووڵاتییان نان و سه‌موون هه‌رزان بێت، چونكه به‌هۆی گرانی ئارد ئێسته له هه‌ر شوێنێك به‌جۆرێك نان و سه‌موون به‌كێشی جیاواز ده‌فرۆشرێت، بۆیه ده‌مانه‌وێت له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان 10 نان و 10 سه‌موون به كێشی 100 غرامی به هه‌زار دینار بێت و بڕیاره‌كه كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه.
"به قۆناغ پێدانی ئارد به‌نرخی هه‌رزان به نانه‌واخانه و سه‌موونخانه به‌رده‌وام ده‌بێت و تا له هه‌رێمی كوردستان نان و سه‌موون به‌گشتی هه‌رزان ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و بڕیاره دراوه". ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشییه وای گوت.
وشه/ بڵند ئیبراهیم