نرخی سەروپێ‌ فڕی

:: AM:11:28:30/11/2023 ‌
نرخی سەروپێ‌ لە فرۆشگەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، خاوەنی فرۆشگەیەكیش دەڵێت، لەگەڵ دوو مانگ پێش ئێستە 15 هەزار دینار نرخەكەی زیادی كردووە.

سەروپێ‌ لە وەرزی زستاندا خواستێكی زۆری لەسەرە، بەڵام لەم هەفتەیە نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و هۆكارەكەشی زیاتر بۆ كڕیاری زۆر دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ـی تشرینی دووەم، رەسووڵ عەبدوڵا كە ئامێری تایبەتی هەیە بە چاككردنی سەروپێ‌ لەناو بازاڕی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی سەروپێی چاككراو ئێستە بەپێی جۆری ئاژەڵەكە دەگۆڕێت.

زیاتر گوتی، نرخی سەروپێی گیسك بە 20 هەزار دینارە، مەڕ بە 22 هەزار دینارە و سەرجەم بەشەكانی لەگەڵە تەنیا شوشتنەوە و لێنانی ماوە.

باسی لەوەش كرد، لە هاوینان ڕۆژانە 50 بۆ 100 سەروپێ‌ دەفرۆشرا و زۆر لە خاوەن فرۆشگاكان نەیاندەكڕی، چونكە كڕیاریان نەبوو، بەڵام ئێستە خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە 300 بۆ 400 سەروپێ‌ تەنیا لای من چاك دەكرێت.

عزەدین شێخ سۆران خاوەنی فرۆشگەیەكی تایبەت بە بەرهەمەكان و گۆشتی ئاژەڵە، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوو مانگ پێش ئێستە نرخی سەروپێ‌ بە حەوت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستە نرخەكەی 15 هەزار دینار بەرز بووەتەوە و خواستێكی زۆری لەسەرە و ڕۆژانە هاووڵاتییان دێن بۆ كڕینی.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژانە لە فرۆشگەكەی 30 بۆ 40 سەروپێ‌ دەفرۆشێت، هەر ئەوەندەی دەست دەكەوێت لەو شوێنانەی چاكی دەكەن، ئەگەر هەبێت زیاتریش دەفرۆشرێت.



وشە - رامیار جەواد