كۆمپانیای ئێل جی بۆ ئامێری ئەلیكترۆنی، ئەنجامە داراییەكانی چارەكی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٣ ی بڵاو كردەوە كە داهاتەكەی، بڕی ٢٠.٧ تریلیۆن یەنی كۆری بووە، لەگەڵ قازانجی بەگەڕخستنی ٩٩٦.٧ ملیار یەنی كۆرییە، كە هەردووكیان دووەم بەرزترین ژمارە بوون لە چارەكی سێیەمی مێژووی كۆمپانیای ئێل جیدا.
مێژووی دامەزراندنی ئەم كۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، لە سەرەتادا بە بەرهەمی پیشەسازییە كیمیاییەكان دەستیان پێ كرد بە ناوی لاك هۆی، بەڵام لە ساڵی 1952 ناوی كۆمپانیاكە گۆڕا بۆ ئێڵ جی، لە ساڵی 1958 بوارەكانی كاركردنی كۆمپانیاكە فراوانتر بوو لە بوارەكانی بازرگانیی پلاستیك، هەر بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیایەكی نوێی دامەزراند لە ژێر ناونیشانی گۆڵد ستاری سنووردار، كە ئەمڕۆ بە ناوی كۆمپانیای ئێڵ جی ئەلیكترۆنێكس ناسراوە، یەكەمین بەرهەمی ئەم كۆمپانیایە ڕادیۆیەك بوو و ژمارەیەكی زۆری لێ فرۆشرا، فرۆشتنی بەرهەمەكانی تەنیا لە ناوخۆی وڵاتی كۆریای باشوور بوو، كۆمپانیای ئێڵ جی لە ژێر ناوی بازرگانی لاكی بەرهەمەكانی پاككردنەوە و بەرهەمە كیمیاییەكانی دەفرۆشت، وەك تایتی پاككەرەوە و هەویری ددان شوشتن و چەندان بەرهەمی تر.
لە بەیاننامەیەكیدا كۆمپانیاكە ئاماژە بەوە دەكات، قازانجی بەگەڕخستنی چارەكی سێیەمی كۆمپانیای ئێل جی بە ڕێژەی 30% زیادی كردووە، هۆكارێكی ئەم قازانجە زۆرەی ئێڵ جی دەگەڕێتەوە بۆ داهێنان لە مۆدێلی بازرگانیی كۆمپانیاكە.
(كۆمەڵەی كۆمپانیاكانی ئێڵ جی) كورتكراوەی وشەی Lucky Goldstar دووەمین گەورەترین كۆمپانیایە لە كۆریای باشوور لە ڕووی داهاتەوە، تایبەتمەندە بە بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، بابەتە كیمیاییەكان و بەرهەمەكانی پێوەندی، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكانی تر سەربە كۆمپانیای ئێڵ جین، گرنگترینیان كۆمپانیای ئێڵ جی ئەلیكترۆنێكسە، بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئێڵ جی زیاتر لە 80 وڵات بوونیان هەیە.
كارەكانی كۆمپانیای ئێڵ جی هەر لە ناو وڵاتی كۆریای باشووردا بوو، تا ساڵی 1995 سەرەتای گەشەسەندنی ئەم كۆمپانیایە بوو بە ڕووی دنیادا، كەوتە كێبەركێ لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی ڕۆژئاوا، لە ساڵی 2009 زیاتر بەرەوپێش چوو.