كاتی ناردنی 700 ملیارەكە راگەیەنرا

:: PM:02:29:01/12/2023 ‌
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكوومەتی عێراق بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، لە سەرەتا بۆ ناوەڕاستی هەفتەی ئایندە بەغدا 700ملیارەكە ڕەوانەی هەولێر دەكات.

ئەمڕۆ هەینی یەكی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەكی لە حكوومەتی عێراق رای گەیاند، وەزارەتی دارایی لە حكوومەتی فیدراڵی بڕی 700 ملیار دینار بە 3 گوژمە ڕەوانەی هەولێر دەكات، و لە ڕۆژی دووشەمی داهاتووەوە دەست پێ دەكات.

باسی لەوەش كردووە، وەزارەتی دارایی، لە ڕێی بانكەكانی سەر بە بانكی ناوەندی كە بریتین لە بانكی ڕەشید، و بانكی تی بی ئای و بانكی ڕافیدەین، بڕی 700 ملیار دینار دەخاتە سەر هەژماری حكوومەتی هەرێم، هاوكات پاش گەشتنی پارەكە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات.

هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد، دوو داواكارییان ئاراستەی سوودانی كرد، داواكاری یەكەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی بودجە و ناردنی پشكی تەواوی هەرێمە لە بودجە، داواكاریەكەی تریش ناردنی بڕی سێ‌ مووچەی دیكەیە مووچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم و كانوونی یەكەم .



وشە - رامیار جەواد