CNBC: نرخی نەوت دەچێتە سەرووی 100 دۆلار

:: PM:08:42:01/12/2023 ‌

تۆڕی CNBCى ئەمەریكی پێشبینی دەكات كە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكان 100 دۆلار تێپەڕێنێت، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی بەشدار لە ئۆپێك بە هاوئاهەنگی بڕیاریان لە كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان دا. 

ئەمڕۆ هەینی 1ی دیسێمبەری 2023، تۆڕی هەواڵی CNBC ى ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە ساڵی ئایندەوە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەكانی نرخەكەی بەرز بێتەوە بۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش دوای ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی ئۆپێك پلەس خۆبەخشانە بڕیاریان لە كەمكردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دا. 

بەپێی بەیاننامەیەكی ئۆپێك پلەس كە سەپەرشتی سەقامگیریی نرخی نەوت دەكات لە بازاڕەكانی جیهاندا، دوێنێ پێنجشەم رای گەیاند كە ئەوان بە فەرمی پشتگیری لە بەردەوامی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ناكەن، بەڵام چەند وڵاتێك تاك لایەنە بڕی بەرهەمهێنانیان كەم كردەوە و كۆی گشتی بەرهەمهێنان رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیلە تا چارەگی یەكەمی ساڵی 2024. 

پێشەنگی ئەو وڵاتانەی كە خۆبەخشانە بڕیاری كەمكردنەوەی نەوتیان دا وڵاتی سعوودیەیە كە لە تەموزی ئەمساڵەوە تا كۆتایی چارەگی 2024 بڕیاری دا رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت كەمتر بەرهەمبێنێت. 

لای خۆشییەوە رووسیا بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و 200 هەزار بەرمیلی بەرهەمە نەوتییەكانی رۆژانە تا هەمان وادەی دیاری كراو. 

عێراق 223 هەزار بەرمیلی رۆژانە و ئیماراتی عەرەبیش 163 هەزار بەرمیل و كوەیت بە 135 هەزار بەرمیل و كازاخستانیش 82 هەزار بەرمیل و جەزائیر 51 هەزار بەرمیل و شانشینی عەمانیش 42 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشدارن لە بڕی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانە تا كۆتایی چارەگی یەكەمی ساڵی 2024. 

جێگەی ئاماژەیە ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بە رێژەی%0.25 بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێك بە 80.66 دۆلار لە بازاڕەكانی نەوت مامەڵەی پێوە كرا.

 



وشە - پۆڵا مەحموود