عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێكخراوی ئۆپێك و بەشێوەیەكی سەرەكی ئەم وڵاتە ژێرخانی ئابووری بریتییە لە داهاتی نەوت، چونكە 96%ی داهاتی گشتیی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتە، بەڵام شارەزایان هۆشداریی دەدەن و دەڵێن، ئەو كەرتە لە ژێر كۆمەڵێك هەڕەشەدایە، لە دیارترینیشیان ژێرخانی بۆڕیی گواستنەوەی نەوتە كە تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵە.
رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت لەرێی ئەم بۆڕییە تەمەن 70 ساڵانە هەناردەی وڵاتان دەكرێت، بەڵام تا ئێستە هیچ پڕۆژەیەك نییە بۆ نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو سیستمە، لە كاتێكدا بەغدا هەوڵ دەدات ئاستی بەرهەمهێنان بۆ شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرز بكاتەوە.
بەرپرسێك لە كۆمپانیای سۆمۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردووە، "نیاز هەبوو سیستمی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەرەكان نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام درەنگكەوتنی پەسندكردنی بودجە و جێبەجێكردنی، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو پڕۆژانە هەبوو، بۆیە دواخراوە بۆ ساڵی داهاتوو".
سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندی نەوتییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەندان دەیە لە شەڕ و گەندەڵی ژێرخانەكەی لاواز بووە، بەردەوام پشت بەنەوت دەبەستێت، ئەمەش وایكردووە وەك وڵاتێكی نەوتی لە داهاتوودا ژینگەی وڵاتەكە بەتەواوەتی تێكبچێت، چونكە ئێستە بەهۆی پیسبوونی ژینگەكەی كە شارەزایان دەیگێڕنەوە بۆ دەرهێنانی نەوت و خراپ بەكارهێنانی گازی سروشتی، رووبەڕووی كەمئاوی و وشكەساڵی بووەتەوە.
كۆمپانیای نەوتی بەسرە رای گەیاندووە، پلانیان هەیە بۆ جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی گواستنەوەی نەوت كە یەكێكیان دامەزراندنی سەكۆیەكی باركردنی نەوتە بۆ كەشتییەكان، لەگەڵ دامەزراندنی دوو بۆڕیی نەوتی بە تیرەی 48 ئینج.
هاوكات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو بڕیاری دا، پڕۆژەی دامەزراندنی بۆڕیی سێیەمی دابمەزرێت و توانای گواستنەوەی ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبێت، ئەو پڕۆژەیەش بە كۆمپانیای بۆسكالیسی هۆڵەندی درا بە گوژمەی 420 ملیۆن دۆلار، بەڵام حكوومەتی عێراق لە 21 حوزەیران، بێ هیچ روونكردنەوەیەك بڕیاری دا ئەو پڕۆژەیە رابگیرێت.
بەگوێرەی پێگەی ئێس ئاند پی گلۆباڵ، ئاسۆی باركردنی نەوت لە بەندەرەكانی عێراق ناڕوونە، چونكە سیستم و ژێرخانەكەی كۆنە، ئەوەش وادەكات عێراق نەتوانێ ئاستی هەناردە بەرز بكاتەوە، سوودمەند نەبێت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
هەناردەكردن و داهاتی نەوتی خاوی بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو راگەیاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان كە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" دەرچووە، كۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو، گەیشتووەتە 102 ملیۆن و 975 هەزار و 782 بەرمیل كە داهاتەكەی هەشت ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە.
لە ئامارەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كۆی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 101 ملیۆن و 764 هەزار و 620 بەرمیل بووە، هاوكات بڕی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل.
لە كاتێكدا تێكڕای بڕی نەوتی هەناردەكراوی رۆژانە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 433 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی هەناردەكراو بە 82 دۆلار و 66 سەنت بووە.