لە هەشت مانگدا و لەڕێی دەروازەی پەروێزخانەوە، بە بەهای زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار، كاڵا هەناردەی عێراق كراوە، بەرهەمەكانیش ئاسن و پۆڵا و پلاستیك و بەرهەمی خۆراكیی بوونە، چوار ڕۆژیشە ئەو دەروازەیە بەهۆی خۆپێشاندان داخراوە.
ئەمڕۆ شەموو دووی كانوونی یەكەم، ئەسغەر عەباس سەرپەرشتیاری فەرمانگەی گومرگی پارێزگای كرمانشای رۆژهەڵاتی كوردستان رای گەیاندووە، لە 21ـی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستە، ملیۆنێك و 882 هەزار و 766 تۆن شمەكیان لەڕێی پەروێزخانەوە رەوانەی عێراق كردووە.
ئەو بەرپرسەی ئێران باسی لەوەش كردووە، ئەو بڕە بازرگانییە بەهاكەی گەیشتووەتە 659 ملیۆن و 887 هەزار و 472 دۆلار و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، قەبارەی هەناردەیان بۆ عێراق بەڕێژەی 20% زیادی كردووە.
لەبارەی ئەو بەرهەمانەی هەناردەیان كردووە ئەو بەرپرسە دەڵێت، عێراق ئەو كاڵایانەی هاوردەی كردوون میوە و سەوزە و كێك و پسكیت بووە لەگەڵ ئاسن و پۆڵا و سیرامیك و پلاستیكن.
لە ڕۆژی چوارشەم بەهۆی خۆپێشاندان ئەو دەروازەیە داخرا، دانیشتووانی گوندێكی ئەو سنوورە رایان گەیاند، نزیكەی 700 دۆنم زەوییان بەرشەقام كەوتووە، تا قەرەبوو نەكرێنەوە رێیەكە ناكەنەوە.