بەدەر لەوەی راپۆرتەكان باسی ناڕەزایەتیی ئەمەریكا لە سیستمی بانكی عێراق و سیاسەتی داراییەكەی دەكەن، بەوەی رێگە بە قاچاغی دۆلار و سپیكردنەوەی پارەی ئێران و حەواڵەی رەش دەدەن، لە دوای سزادانی ژمارەیەكی بانكی تایبەتی عێراقی لە لایەن وەزارەنی گەنجینەی ئەمەریكاوەـ باسی ئەوە دەكەن دوور نییە سزاكان بانكی رافیدەینیش بگرێتەوە، وەك پەرلەمانتارێكی عێراق باسی دەكات.
ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، بانكی رافیدەین وەك هەر بانكێكی تری عێراقی، دەكەوێتە ژێر باری رێنوێنی و رێككارەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكات، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق و كۆمپانیای نێودەوڵەتیی راسپێردراو بۆ بەدواچوونی كاری بانكە عێراقییەكان كراوە.
روونی كردەوە، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكە ئاماژەی بۆ بوونی پێشێلكاری لە كاری بانكی رافیدەین كردووە، ئەوەش وای كرد بانكەكە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بكات بۆ پەرەپێدانی كارەكانی و چارەسەركردنی تێبینییەكانی سەری، بەڵام بەردەوامبوونی بانكەكە لەسەر بەجێگەیاندنی كارەكانی وەك پێشوو، دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای ئەمەریكی بۆ سەر بانكەكە و ژمارەیەك بانكی تری تایبەت، ئەوە ئەگەر تێبینییەكانی سەریان چارەسەر نەكەن.
ئەمە و جۆ ویڵسۆن كۆنگرێسمانی ئەمەریكی لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو داوای سزادانی بانكی رافیدەینی حكوومەتی كردبوو، بە ئامرازێك بۆ سپیكردنەوەی پارەی ئێران و بردنی بە قاچاغی دۆلار بۆ تاران و میلیشیاكان تۆمەتباری كردبوو.