گفتوگۆی ئەمەریكا و ئێران چۆن كاری لە بەهای دۆلار و تمەن كردووە؟

:: PM:09:33:13/04/2025 ‌

هەر ئاڵۆزی و شەڕێك، بەتایبەتی لە ناوچە گرنگەكان، كاریگەری و لێكەوتەی ئابووری هەیە، ئەوكاتەی ئاڵۆزییەكانی واشنتن و تاران لە هەڵكشان بوو، نرخی نەوت و زێڕ و بەهای دراوەكانیش لە گۆڕاندابوون، ئێستەش لەگەڵ دەست پێكردنی گفتوگۆكانی هەردوو وڵات كاریگەرییەكان ئاوەژوو بوونەتەوە، بەڵام نرخی دۆلار لە ئێران چۆن گۆڕاوە؟

بەهنام مەلەكی شارەزای ئابووری پێشبینی دەكات سەركەوتنی گفتوگۆی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا ببێتە هۆی دابەزینێكی گەورەی نرخی دۆلار بە رێژەی 25 بۆ 35%، روونی كردەوە، تەنیا راگەیاندنی وادەی گفتوگۆكە نرخی دۆلاری بە رێژەی 7% هێنایە خوارەوە.

دووپاتی كردەوە، گفتوگۆكان كاریگەریی گەورەی ئابوورییان هەبوو، تەنانەت ئەگەر رێككەوتنی كۆتاییش واژوو نەكەن، كاریگەریی دەروونی و سیاسی كردووەتە سەر بازاڕەكانی ئێران، ئەو شارەزایە ئاشكرای دەكات كە كێشە ئابوورییەكانی ئێران تەنیا لە سزاكانی دەرەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بگرە هۆكاری ناوخۆییش هەیە وەك بەرتیل و گەندەڵی و ناشەفافیەت، لەوكاتەی ئابووری پێویستی بە چاكسازی و كەرتی تایبەت هەیە و 85%ی ئابووری ئێران نیوچە حكوومەتییە.

مەلەكی ئاماژەی كرد، رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا دەرگە لەبەردەم وەبەرهێنان و گواستنەوەی تەكنۆلۆجیا واڵا دەكات، جیا لە باشكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و كەمكردنەوەی جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و نافەرمیی دراو.
    
لە دوای دەست پێكردنی گفتوگۆی نێَوان ئێران و ئەمەریكا، نرخی تمەن رووی لە بەرزبوونەوە كرد و دوای كۆبوونەوەكە بەهاكەی زیاتر هەڵكشا و ئەمڕۆ گەیشتە بەرزترین نرخ لە ماوەی دوو مانگی رابردوو.

لەوكاتەی لە چەند هەفتەی رابردوو بەهای تمەن گەیشتنە نزمترین نرخ بەرانبەر بە دۆلار و نرخی دۆلارێك لە بازاڕەكانی تاران گەیشتە 106 هەزار تمەن، كەچی ئێستە بەهای تمەن 20 هەزار تمەن بەرانبەر بە دۆلار هەڵكشاوە و ئەمڕۆ نرخی دۆلارێك بۆ خوارووی 85 هەزار تمەن دابەزیوە، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو 106 هەزار تمەن بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل