دوای گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە دەست بە هەناردنی نەوتەكە دەكەنەوە، یاسای بودجە هەموار كرایەوە، بەڵام تا ئێستە بەغدا داواكاریی كۆمپانیاكانی نەوتی كە لە هەرێم كار دەكەن جێبەجێ نەكردووە.
وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی دەڵێت، كۆمپانیا نەوتییەكان سوورن لەسەر هەڵوێست و داواكارییەكانیان بەرانبەر بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردساتان، ئەوان بەهۆی وەستانی نەوتەكە قەرزیان لەسەر هەرێم كەڵەكە بووە و داوای دەكەن.
روونی كردەوە، هەریەك لە عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا بە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە رازین، بەڵام كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان مەرجیان بۆ دەست پێكردنەوەی بەرهەمهێنان هەیە، ئەوان داوای گەرەنتی لە حكوومەتی عێراق دەكەن بە رانەگرتنەوەی هەناردنی نەوت بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبنەوە، كە چەندان ملیار دۆلار زەرەر دەكەن.
كەریم ئاماژەی كرد، سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دەست پێكردنەی هەناردنی نەوت و پێدانی گەرەنتی بوو بە كۆمپانیاكان، بەڵام كۆمپانیاكان تا ئێستە رازی نین و دەست پێكردنەوەی كارەكانیان بە گەرەنتی یاسایی و دارایی بەستووەتەوە.
ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە، دۆخەكە بەهۆی نەبوونی زەوینەیەكی هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان گونجاو نییە و سەختە، ئەوەش وا دەكات چارەنووسی هەناردەكردنەوەی هەوتی هەرێم پشت بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی بەغدا ببەستێت لە مسۆگەركردنی مافی كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ سەقامگیربوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان.