هه‌ولێر و تاران له پێناو په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌كان و به‌مه‌به‌ستی به‌رفراوانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه هاوبه‌شه‌كان، رێككه‌وتننامه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا واژوو كرد كه نۆ خاڵ له‌خۆ ده‌گرێت.
كۆبوونه‌وه‌کە ئێواره‌ی دوێنێ دووشه‌م 28ی نیسانی 2025 له دیوانی پارێزگای تاران بەڕێوەچوو. ئومێد خۆشناو سه‌رۆكایه‌تیی شاندی پارێزگای هه‌ولێر و محه‌مه‌د سادق موعته‌میدیان سه‌رۆكایه‌تیی شاندی تارانی ده‌كرد،
به‌پێی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه، پێوه‌ندییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و پارێزگای تاران، له‌مه‌ودوا تۆكمه‌تر و به‌رفراوانتر ده‌بێت و هاوكارییه‌كانیان له چه‌ندان بواری بازرگانی، په‌روه‌رده‌یی و زانستی و گه‌شتوگوزاری ده‌به‌نه قۆناغێكی نوێوه.
ده‌قی رێككه‌وتننامه‌مه لێكتێگه‌یشتنه‌كه بریتییه له:
1-ئاسانكاری بۆ پێدانی مۆڵه‌تی كاركردن بۆ هاووڵاتییانی هه‌ردوو پارێزگا له كاروباری بازرگانی و بانكیدا.
2- به‌هێزكردنی ڕاوێژكاریی بازرگانیی ئێران له هه‌ولێر.
3- ئاسانكاری بۆ كاروباری گومرگی، ئه‌گه‌ر بكرێت هه‌وڵه‌كانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باجی گومرگی له‌سه‌ر كاڵا و به‌رهه‌مه زانستییه‌كان.
4-ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی، ئه‌نجامدانی كۆنفرانس و پێشانگه، هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕی ئاماری بازرگانی و زانیاری له پێدانی لیستی كه‌لوپه‌ل و مه‌رجه په‌سندكراوه‌كانی هه‌ردوو پارێزگاكه.
5-فراوانكردنی هاوكارییه‌كانی نێوان هه‌ردوو پارێزگا له بواری هه‌نارده‌كردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌كنیكی و ئه‌ندازیاریی به‌تایبه‌تی له پیشه‌سازیی بیناسازیی و دامه‌زراندن.
6- فراوانكردنی هاوكارییه‌كانی نێوان هه‌ردوو پارێزگا له بواری گه‌شتوگوزاری پزیشكی، هه‌نارده‌كردنی خزمه‌تگوزاریی فێركاری، پزیشكی و ده‌رمان، ڕۆشنبیری و وه‌رزشی له نێوان هه‌ردوو پارێزگاكه.
7- ڕاگه‌یاندنی ئاماده‌یی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی توێژینه‌وه و ده‌ستكه‌وته‌كان له بواره‌كانی پیشه‌سازی و بایۆته‌كنه‌لۆجی، ئه‌ندازیاری پزیشكی، پڕۆژه‌ی زانستی و نانۆته‌كنه‌لۆجیا، و ئاسانكاری بۆ وه‌رگرتنی قوتابیانی پارێزگای هه‌ولێر له پارێزگای تاران.
8- ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی وه‌رزی به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌ردوو پارێزگای تاران و هه‌ولێر له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كان، به هاوئاهه‌نگیی كونسوڵگه‌ی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌ولێر و پێوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران.
9- فراوانكردنی ئاڵوگۆڕه‌كان و دووپاتكردنه‌وه له‌سه‌ر ڕۆڵی به‌شداریكردنی زانیارییه گشتییه‌كان و ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان .