شارەزایەك: عێراق زیاد لە پشكی خۆی نەوتی فرۆشتووە و رەنگە سزا بدرێت

:: PM:06:51:29/04/2025 ‌

بەدەر لەو نەوت و غازە زۆرەی عێراق هەیەتی، لەبەر چەند هۆكارێك داهاتی نەوت بودجەی عێراق پڕ ناكاتەوە و كورتهێنان و قەرزێكی زۆر لەسەر دەوڵەت كەڵەكە بووە، بەرپرسارانی بەغدا ددان بە كێشە سەرەكییەكە دانانێن، شارەزایان پێیان وایە تەنگژەیەك هەیە و بە دابەزینی نرخی نەوت قووڵتر دەبێتەوە، شارەزایەكی ئابووری ئاشكرای دەكات كە عێراق پێشێلی پشكی فرۆشتنی نەوتەكەی كردووە و ئەگەری هەیە لە لایەن ئۆپێك پڵەسەوە گوشاری بخرێتە سەر.

د. نەبیل مەرسوومی لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوو گەیشتووەتە 3.437 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، نەوتەكە بە نرخی 72.5 دۆلار بۆ بەرمیلێك فرۆشراوە، كە بەهاكەی دەكاتە 7.716 ملیار دۆلار یان 10 ترلیۆن دیناری عێراقی.

روونی كردەوە، بەپێی ئەو ژمارانە عێراق بەرهەمی عێراق لە نەوتی خاو لەو مانگە 5.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕ كردووە، واتە پێشێلی ئەو پشكەی كردووە كە بۆی دیاری كراوە بە زیاتر لە 200 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەوەش ئەگەر هەیە لە مانگەكانی داهاتوو رووبەڕووی گوشاری هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس ببێتەوە.

ئاماژەی كرد، ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە لە مانگی ئایاری داهاتوو و مانگەكانی تر كۆتی زیاتر بخرێتە سەر بەرهەمی نەوتی عێراق، ئەوەش گوشاری زیاترە بۆ سەر نرخی نەوت كە خۆی لە پاشەكشەدایە، بەتایبەتی لە دوای كاریگەریی زیادكردنی باجی گومرگیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. 

ئەمڕۆ كۆمپانیای سۆمۆ رای گەیاند كە كۆی هەناردەكردنی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئادار 106 ملیۆن و 663 هەزار و 211 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 104 ملیۆن و 740 هەزار و 398 بەرمیل بووە، بڕی هەناردەكراویش لە كێڵگەی گەیارە 1.613.840 بەرمیل بووە و لە كێڵگەكانی كەركووك بۆ ئوردنیش 309.765 بەرمیل بووە.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل