زیانە مایەكییەكانی تەقینەوەی بەندەری رەجائی ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:05:30/04/2025 ‌

شەمووی رابردوو تەقینەوەیەكی بەهێز بەندەری رەجائی ئێرانی هەژاند و بەو هۆیەوە جیا لە كوژرانی سەرووی 70 كەس و برینداربوونی سەرووی 1200 كەس، زیانێكی گەورەی ئابووری و ژینگەیی بە ئێران كەوت، میدیاكانی ئێران زیانە مایەكییەكانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی بەندەرەكە بە چوار ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.

رۆژنامەی "دنیای ئیقتساد"ی ئێرانی لە توێژینەوەیەكی ئەكادیمی وەرگرت كە زیانە ئابوورییەكانی وەستانی جموجۆڵە بازرگانییەكان لەو بەندەرە گەیشتووەتە 324 هەزار ملیار تمەن، كە دەكاتە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار، ئەوەش دەكاتە 2%ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران.

توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە بەندەری رەجائی 60%ی بازرگانیی دەریایی ئێران پێك دێنێت و 53%ی كۆی هاتن و داگرتنی بار بۆ ئێران لەو رێگەیەوەیە، ئەوەش وای كردووە ببێتە شادەماری ژێرخانی بازرگانیی ئێران، هەر بەپێی توێژینەوەكە 70%ی هاوردەكردنی ئێران و 30%ی هەناردەكردنی نانەوتیی لە رێگەی بەندەرەكەویە، بۆیە لەكاركەوتنی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو وڵاتە هەیە، كە بەهۆی تەقینەوەكە و ئاگركەوتنەوە زیانی گەورە بە كاڵا هاتوو و ئەوانەشی بۆ هەناردن ئامادە كرابوو گەیشتووە.

بۆیە وەستانی كارەكانی ئەو بەندەرە بۆ ماوەی 90 رۆژ كاریگەرییەكی كارەساتبار دەخاتە سەر زنجیرەی بەرهەمی نیشتمانی، بەتایبەتی لە كەرتە گرنگەكان وەك پیشەسازیی كیمیایی و پترۆكیمیایی و ئۆتۆمۆبێل و خۆراك، كە زیانی هەندێكیان بە هەزاران ملیار تمەن خەمڵێندراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل