عێراق بەهۆی چەندان تەنگژەی قووڵەوە بەدەست كورتهێنانێكی گەورەی بودجە و قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی دەناڵێنێت، تەنانەت تا ئێستە حكوومەتی بەغدا نەیتوانیوە خشتە داراییەكانی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات، دوای هەرزانبوونی نرخی نەوت، شارەزایان پێشبینییەكی تاریك و ناروون بۆ دۆخی دارایی عێراق دەكەن.
د. نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە یەكەم چواریەكی ئەمساڵدا، تێكڕای نرخی نەوت 72 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێك و عێراق لە فرۆشتنی نەوتەكەی زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار داهاتی هەبوو، كەچی بە بەهای زیاتر لە حەوت ترلیۆن دینار سەنەدی خستە روو و زیاتر لە سێ ترلیۆن دیناری لە پارەی دانراوی باج لە بانكەكان بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بەكار هێنا.
روونی كردەوە، ئێستەش پێ دەچێت لەگەڵ ئەو نرخە نزمەی نەوت، كە رەنگە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرەو 50 دۆلار بۆ بەرمیلێك نزم بێتەوە، دۆخی دارایی خراپتر بێت، ئەوەی روو دەدات واتە گەنجینەی دەوڵەت بەتاڵە و لە سەرەتای تەنگژەیەكی قووڵی داراییدایە.
لەوكاتەی مەرسوومی دەقی بڕیارێكی حكوومەتی عێراقی بۆ راكێشانی پارەی دانراوی باجی كۆمپانیاكان لە بانك بۆ پڕكردنەوەی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی نیسان و مانگەكانی تر بڵاو كردەوە، ناسر كنانی شارەزای ئابووری و دارایی دەڵێت، ئەو بڕیارەی حكوومەت ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە و دووپاتی دەكاتەوە كە دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار و حكوومەت لە خەرجكردنی مووچەی لە مانگەكانی داهاتوو تووشی كێشە دەبێت، بەتایبەتی لە سایەی نزمبوونەوەی نرخی نەوت.