ماستەر كارت و كارتە بانكییەكانی تر چییان بەسەر دێت؟

:: PM:09:38:30/04/2025 ‌

باس لەوە دەكرێت كە بانكی ناوەندیی عێراق لە ژێر گوشاری ئەمەریكا بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە كاركردنی كارتەكانی ماستەر و ڤیزەی بانكەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات رابگیرێت، راوێژكاری ئابووریی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوبارەوە روونكردنەوە دەدات.

ئەوانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەكەن و مامەڵەكانیان ئەنجام دەدەن، دەترسن بۆ هەمیشە ئەو كارتانە رابگیرێن، بەڵام بەپێی گوتەی راوێژكارە ئابوورییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ شتێكی وا روونادات.

ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نیسانی 2025، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، راستییەكەی ئەوەی كراوە رێكخستنەوەیە، بۆیە كاتی دەوێ، روونی كردەوە، نازانم چی روودەدات لەوەی ئەو كارتانە دادەخرێن یان نا، بەڵام بە ئاگەداری و هاوكاریی بانكی ناوەندیی عێراق كار بۆ ئەوە دەكرێت ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت.

ئەو راوێژكارەی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئاماژەی كرد، پێویست ناكات خەڵك بترسن لەوەی گرفتەكە گەورە بێت و چارەسەر نەكرێت، هیچ شتێك روونادات.

لە 23ی ئەم مانگە مەحموود داغر شارەزای دارایی و بەرپرسێكی پێشووی بانكی ناوەندیی عێراق رای گەیاند كە كاركردن بە ماستەر كارت لە دەرەوەی عێراق بۆ هەندێك لە بانكەكان لە كۆتایی ئەم مانگە دەوەستێت و ئەو بانكانە تەنیا بە دینار لە ناوخۆی عێراق كار دەكەن.

شارەزایان دەڵێن كۆمپانیای ماستەر كارت بڕیاری داوە بە وەستانی مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێك كۆمپانیا و بانكە عێراقییەكان، ئەوەش بەهۆی ئەو كۆتانەی خراونەتە سەر مامەڵەكردنیان بە دۆلار، كە تەحەدایەكی گەورەیە بۆ سیستمی دارایی لە عێراق.  

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل