وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارێكی ئەستەمی دا

:: AM:08:39:01/05/2025 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق كێشەی كورتهێنانی دارایی هەیە و بۆ دابینكردنی پارەی مووچەی مانگی چوار و مانگەكانی دواتر، پارە لە سندووقی بارمتەی باج رادەكێشێت.

میدیای عێراقی بڵاوی كردەوە، بۆ دابینكردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی پێشان داوە لەسەر راكێشانی سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار لە سندووقی بارمتەی باجی وەزارەتی دارایی.

وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی كەمیی نەختینەوە، پەنای بۆ ئەو سندووقە بردووە كە پارەی باجی تێدایە و دەبوو ئەو سندووقە دەستكاری نەكرێت، بەڵام بەهۆی كورتهێنانەوە حكوومەت بەناچاری پارەی ئەو سندووقە خەرج دەكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوو لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەیان بۆ بوونی كێشەی نەختینە دەكرد، بەڵام وەزارەتی دارایی ئەو هەواڵانەی رەت دەكردەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق بیانووی ئەوەی هێناوەتەوە كە لە یەدەگی فیدراڵی ئەمەریكاوە، پارەی فرۆشی نەوتی بۆ حەواڵە نەكراوە و هەركات پارە بگات بە دەستی، پارەی راكێشراوی ئەو سندووقە دەگەڕێنێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز