رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ مافەكانی مرۆڤ، گرنگییەكی زۆر بە دۆخی كرێكاران و پاراستنی مافەكانیان دراوە و زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان جێبەجێ كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، دیندار زێباری رای گەیاند، لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ مافەكانی مرۆڤ، گرنگییەكی زۆر بە دۆخی كرێكاران و پاراستنی مافەكانیان دراوە و زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان جێبەجێ كراون، ڕاسپاردەكانی مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە پرۆسەی جێبەجێكردنی پلانەكەدا، بە ڕێژەی زیاتر لە 75% كاری لەسەر كراوە.
روونیشی كردەوە كە ساڵی ڕابردوو، 40 هەزار و 767 كرێكار بیمە كراون و 958 كرێكار دوای دەستەبەركردنیان لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت، خانەنشین بوونە و مانگانە مووچەكانیان وەردەگرن.
هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە، زیاتر لە 130 هەزار و لە ڕێگەی پڕۆژە پیشەسازییەكانەوە 15 هەزار هەلی كار رەخسێنراوە، نۆ هەزار و 500 گەنج سوودیان لە قەرزی بچووكی لاوان وەرگرتووە .
لەبارەی دامەزراندنیش ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لە ساڵی رابردوودا 38 مامۆستا بە گرێبەست دامەزراون، لەلایەكی ترەوە نۆ هەزار و 718 كەس لە مەشقی پیشەیی سوودمەند بوون، هەروەها هەزار و 407 سزادراو لە چاكسازییەكاندا سوودمەند بوون لەو خولە پیشەییانەی بۆیان كراونەتەوە.