پەرلەمانتارێكی عێراق رای گەیاند كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەران لە عەلاوە و تەرفیع و گواستنەوەی راژە و حسێبكردنی بڕوانامە، دوور لە پەسندكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 داوە.
نیهال مورشید شمەری پەرلەمانتاری عێراق دەقی داوایەكی خۆی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كردەوە، داوای كردووە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران كە بە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی لە 12ی كانوونی دووەمی 2025 تا كاتی پەسندكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی ئەمساڵ وەستاوە، بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر فەرمانبەران، داوا دەكەین بڕیارێك بۆ خەرجكردنی ئەو شایستە داراییانە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە بدەن.
لە وەڵامدا سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر داواكە بۆ وەزارەتی دارایی نووسیوە بە ئەنجامدانی پێویست.
شایەنی باسە تا ئێستە خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 لە لایەن وەزارەتی داراییەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق نەكراوە، لەوكاتەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق تەرفیع و عەلاوە و حسێبكردنی بڕوانامە و گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران وەستاوە، تا كاتی پەسندكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 لە پەرلەمان، بەڵام وەك هەندێك پەرلەمانتاران دەڵێن پێناچێت ئەمساڵ بودجە هەبێت و حكوومەت خشتە داراییەكان رەوانەی پەرلەمان بكات.