نرخی دۆلار دابەزینێكی تری تۆمار كرد و بەگوتەی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو، چەند هۆكارێك هەن وا دەكەن دۆلار بەهاكەی بەرانبەر دینار لە دەست بدات.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئایار، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو، بە"وشە"ـی راگەیاند، دوو هۆكار هەن بۆ دابەزینی بەهای دۆلار، ئێستە دڵەڕاوكێ لە بازاڕدا هەیە و پێشبینیی هەرزانبوونی زیاتریشی دەكرێت.
وەك حاجی گوتی، هۆكاری یەكەم ئەوەیە كە بەهای دۆلار لەسەر ئاستی بازاڕەكانی دنیا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەیش كاریگەریی لەسەر بەهای ئەو دراوە لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە.
"هۆی دووەم بۆ سیاسەتی بانكی ناوەندی عێراق دەگەڕێتەوە كە بڕیارە ڕێژەی زیاتری دۆلار بۆ گەشتیار دابین بكات و هاوكات ڕێژەیەكی زیاتریش لە جاران دەخاتە بازاڕەوە، وەك دەگوترێ ئامانجەكە ئەوەیە بەهای 100 دۆلار بێتە خوار 140 هەزار دینار" حاجی كەمال وای گوت.
لەبارەی نرخی ئێستەی دۆلار بەرانبەر دینار، ئەو روونی كردەوە كە لە سەعات 11 و نیوی ئەمڕۆ سێشەم، 100 دۆلار بەرانبەر 143 هەزار و 800 دینارە، بەڵام نرخەكە جێگیر نییە بۆ بەرزی و نزمی.