لە دهۆک ملیۆنێک و 40 ھەزار دار دەچێنرێت

:: PM:04:36:06/05/2025 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک رای گەیاند، ئێستە دوو پڕۆژە لە جێبەجێ کردن دان، کە ملیۆنێک و 40 ھەزار دار دەچێنن، دەخوازن لە چاندنی داری زەیتوون و فستق لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم بن.

ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک بە "وشە"ی راگەیاند دەخوازن لە ڕێی کەرتی تایبەت ئەو کارە بکەن، ئێستە چەند پڕۆژەیەک لە بواری جێبەجێ کردن دان، یەکێک لەوانە پڕۆژەی کاڤین گرووپە کە تا یەک ملیۆن داری زەیتوون دەچێنن، تاوەکو ئێستە نزیکەی 200 ھەزار داریان لە سنووری پارێزگای دھۆک چاندووە، پڕۆژەیەکی تر لە ئاکرێ ھەیە ئەوانیش 40 ھەزار دار دەچێنن.

ئەو گوتیشی ''ئێمە ئێستە زیاتر فۆکسمان لەسەر ئەوەیە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە دوو جۆرە دار بچێنین، ئەوانیش زەیتوون وفستقن. کار دەکەین بۆ ئەوەی دھۆک لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە چاندنی ھەر دوو جۆرە داری زەیتوون و فستق یەکەم بێت و بەردەوامیش کاری بۆ دەکەین.

وەک زیاتر خستیە روو، جگە لەوەی ئەو دوو جۆرە دارە سوودی زۆری دەبێت، دەبێتە ھەنگاوێکیش بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان زیاد بکات.

هەولێر\بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان