بەهۆی خۆڵبارینەوە عێراق رۆژانە ملیۆنێك دۆلار زەرەر دەكات

:: PM:07:47:06/05/2025 ‌

بەم دوایە كەشوهەوایەكی ناجێگر بەسەر ئاسمانی عێراق و هەرێمی كوردستان زاڵە، كەشوهەوایەكی تێكەڵ لە رەشەبا و خۆڵبارین، جیا لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هاوینی عێراق خۆڵبارینی لێ نابڕێت، رێكخراوێكی ژینگەیی باسی زیانەكانی خۆڵبارین دەكات و دەڵێت عێراق بەو هۆیەوە رۆژانە ملیۆنێك دۆلار زەرەر دەكات.

لەوكاتەی خۆڵبارین لە عێراق بووەتە دیاردەیەكی رۆژانە و هەفتانە و تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، كە زیان و كاریگەری بۆ سەر ژینگە و تەندروستی خەڵك هەیە، روانگەی عێراقی سەوز تایبەت بە كاروباری ژینگە و گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، زیانی ئەو خۆڵبارینەی لە عێراق هەیە بە ملیۆنێك دۆلاری رۆژانە دێتە خەمڵاندن.

روونی كردەوە، ئەوەش بەهۆی زیانەكانی كە كەرتە جیاجیاكانی گرتووەتەوە لەوانە تەندروستی، بەهۆی ئەو پارەی لە نەخۆشانی كۆئەندامی هەناسە خەرج دەكرێت، جیا لەو كەسانەی بەو هۆیەوە لە ماڵ دەمێننەوە و ناچارن ئامێری هەناسەدان بكڕن لە بری سەردانیكردنی نەخۆشخانەكان.

بەپێی رێكخراوەكە زیانەكانی تر بریتین لە زیادبوونی رێژەی رووداوەكانی هاتوچۆ بەهۆی كەمبوونەوەی مەودای بینین، جیا لەو زیانەی بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و ئاژەڵداری دەگات، هەروەها خەرجیی خاوێنكردنەوەی ماڵ و فەرمانگە و ئۆتۆمبێل و سەرفكردنی بڕێكی زۆری ئاو بۆ ئەو مەبەستە و دەبێتە هۆی گیرانی زێرابەكان، بۆیە پێویستە بەرپرسان و لایەنی پێوەندیدار گرنگی زیاتر بە چاندنی درەخت و زیادكردنی رووبەڕی سەوزایی بدەن.    

عادل موختار پسپۆڕی كشتوكاڵ و ژینگە دەڵێت، رەشەبای خۆڵاوی و خۆڵبارین كاریگەریی مەترسیداریان لەسەر ژینگە و تەندروستی و ئابووری هەیە، لە ساڵانی رابردوو حكوومەتەكانی عێراق لە چاندنی درەخت و دروستكردنی پشتێنەیەكی سەوزایی لە شار و لە دەوروبەری رێگاكان بۆ كەمكردنەوەی گەیشتنی ئەو خۆڵە بۆ شارەكان كەمتەرخەم بوون، بەم دواییە رێژەی بە بیانبوون زۆر و مەترسیدار بووە، بەتایبەتی لە دوای گۆڕینی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە بەغدا و پارێزگاكان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، ئەوە وای كردووە خۆڵبارین زیاتر بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل