داناغاز: بەرهەمهێنانی كێڵگەی غازی چەمچەماڵ دەگاتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا

:: AM:11:01:08/05/2025 ‌
كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی پەرەپێدانی كێڵگەی غازی چەمچەماڵی راگەیاند، كە یەكێكە لە گەورەترین كێڵگە غازییەكان لەسەر ئاستی عێراق، چاوەڕوان دەكرێت بڕی بەرهەمهێنان لەو كێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا.

بەپێی راپۆرتێكی كۆمپانیاكە كە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاوی كردەوە، بودجەی پەرەپێدانی كێڵگەكە بڕەكەی 160 ملیۆن دۆلارە بۆ هەڵكەندنی سێ بیری نوێ لە كێڵگەكە، بە ئامانجی ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تا نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوو لەو كێڵگەیە بگەیەنێتە 75 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا. 

دانەگاز، گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنەری گازی سروشتیی تایبەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشكرای كرد كە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، پوختەی قازانجەكانی 43 ملیۆن دۆلار بووە كە بەراورد چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو 38 ملیۆن دۆلار بووە، بە ڕێژەی 13٪ بەرز بووەتەوە.
 
دانەگاز دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان بەهێزە. پێشتریش رایان گەیاندبوو، كۆی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە كاتی دەستپێكردنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی سێ لە كێڵگەی كۆرمۆر 500 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتی تێپەڕاند.
 
ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر، گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێی سێجا كە بەراورد بە ساڵی 2017، 75٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەپێی كۆمپانیاكە لە مانگی نیساندا، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە كێڵگەی كۆرمۆر كەم كردووەتەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی چاككردنەوە جێبەجێ بكەن كە پێویستە بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان لە درێژخایەندا.
 
دانەگاز دەڵێت، پڕۆژەی پەرەپێدانی كێڵگەی گازی كۆرمۆر كە بە KM250 ناسراوە، پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەكرێت یەكەم بڕە گازی ئەو پڕۆژەیە لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2026دا بەرهەم بێت.
 
بەپێی دانەگاز، دوای ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواو كرا، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەكە 50٪ بەرز دەكاتەوە.
 
جگە لە زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز، پڕۆژەكە دەبێتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی شلی كۆندێنسەیت بەبڕی رۆژانە حەوت هەزار بەرمیل. هەروەها رۆژانە 460 تۆن گازی شلكراوی LPG یش زیاد دەكات.
 
لەبارەی كێڵگەی چەمچەماڵ كۆمپانیاكە باسی لەوە كردووە، یەكێكە لە "گەورەترین" كێڵگەكانی گازە لە عێراق، دانەگاز دەڵێت، "بەرنامەیەكی وەبەرهێنان بەبڕی 160 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی ئەو كێڵگەیە جێبەجێ دەكەین، چاوەڕوان دەكەین یەكەم بڕە گاز لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026 بەبڕی 75 ملیۆن پێی سێجا لەو كێڵگەیەدا بەرهەم بێت."
 



وشە - سۆران عەزیز