دەست بە دابەشكردنی مینحەی مانگی چوار دەكرێت و سەرۆكی حكوومەت دابینی كردووە

:: PM:12:11:08/05/2025 ‌
ناوەندی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش بڵاوی كردەوە كە لەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی  مینحەی مانگی چواری رزگاربووانی ئێزیدی دەكرێت، مینحەكەش مانگانە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە بۆیان دابین كراوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی ناوەندی لالش، ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئایار، دابەشكردنەكە لە كۆمەڵگەی شاریا و ناوەندی لالش و شارۆچكەی شێخان دەست پێ دەكات، سبەینێش لە شارەدێی خانكێ و رۆژی شەمووی داهاتووش لە كۆمەڵگەی دیرابوون دابەش دەكرێت.

رۆژانی یەكشەم و دووشەمی داهاتووش لە بارەگای ناوەندی لالش لە دهۆك دابەشكردنەكە بەردەوام دەبێت.

بڕیاری پێدانی ئەم مینحەیە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 574 كەسی رزگاربووی ئێزیدیی دەستنیشان كرد كە مانگانە بڕە پایەكیان پێ بدات، مینحەیەكە‌ بۆ هەر رزگاربوویەك بڕی 200 هەزار دینار دەدرێت. ‌هەموو ئەو رزگاربووانە دەگرێتەوە كە لە ناوخۆی هەرێم یان ئەوانەی چوونەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە رێگەی وەكیلەكانیانەوە پێیان دەدرێت.



وشە - سۆران عەزیز