بتكۆین بەرزترین بەهای لەمساڵدا تۆمار كرد

:: PM:12:10:09/05/2025 ‌
بۆ یەكەمجار لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە نرخی بتكۆین 100 هەزار دۆلاری تێپەڕ كرد و بەهاكەی گەیشتە 103 هەزار دۆلار، ئەمەیش دوای ئەو رێككەوتنە فراوانە بازرگانییە دێت لە نێوان ئەمەریكا و بەریتانیا كە ئاماژەیەكە بۆ سووكبوونی ئەو دەرهاوێشتە خراپانەی بەهۆی بەرپاكردنی جەنگە بازرگانییەكەی ترەمپەوە سەریان هەڵدابوو. 

ئەمڕۆ هەینی نۆی ئایار نرخی هەر بتكۆینێك گەیشتە 103 هەزار و 133 دۆلار كە ئەمەیش زیادبوونی بەهاكەیەتی بە رێژەی %5 و بۆ ئەمساڵ بە بەرزترین بەها دادەنرێت بۆ دراوە ئەلیكترۆنییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی لە یەنایەری ساڵی رابردوو بەهاكەی گەیشتبووە 109 هەزار دۆلار وهێشتا نەگەیشتووەتەوە نرخەكەی پار. 

لەلایەكی تریشەوە دراوی "ئیسر"ی ئەلیكترۆنیش %14 لە بەهاكەی بەرز بووەوە و نرخەكەی گەیشتە دووهەزار و 50 دۆلاری ئەمەریكی ئەمەیش بە بەرزترین بەهای دادەنرێت لەوەتەی سەرەتای مانگی نیسان و كۆتاییەكانی مانگی ئادار بۆ ئەم دراوە ئەلیكترۆنییە. 

جێگەی ئاماژەیە، دراوە ئەلیكترۆنییەكان بەهایان لەدەستدابوو لەوكاتەی ترەمپ جەنگی بازرگانی بەرپا كرد و بەڵام ئومێدێك بۆ بازاڕی بازرگانیی جیهانی گەڕاوەتەوە و ئاماژەی سووكبوونی دەرهاوێشتەكانی بڕیارەكانی ترەمپ دەركەوتووەتەوە، ئەمەیش بەهۆی رێككەوتنێكی بەرفراوانی بازرگانی لە نێوان ئەمەریكا و بەریتانیا.


وشە - پۆڵا مەحموود