بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رای گەیاند كە بەهۆی گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی گەشتیاری، رێژەی گەشتیاران لە زاخۆ بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بە جۆرێك ژمارەكە گەیشتووەتە ملیۆنێك گەشتیار لە ساڵێكدا.
چیا ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە"وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت، گرنگییەكی تایبەتی بە زاخۆ داوە، بە جۆرێك لە رووی گەشتیارییەوە پێشكەوتنی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دروستكردنی كۆڕنیشی زاخۆ، كە قۆناغی یەكەمی تەواو بووە و قۆناغی دووەمیشی لە ناوەڕاستی ئەمساڵ تەواو دەبێت، بڕیارە هەموو خابیری زاخۆ بكرێتە كۆرنێش بۆ ئەوەی سەرنجی زیاتری گەشتیاران رابكێشرێت.
ئاماژەی كرد، كۆڕنیشی زاخۆ وای كردووە زاخۆ بە رێژەیەكی بەرچاو گۆڕانكاریی تێدا بكرێ و بەرەو پێش بچێت، گەشتیارێكی زۆر روو لە زاخۆ دەكەن بە مەبەستی گەشتوگوزار پێشتر ژمارەی گەشتیار بۆ زاخۆ كەم و بوو ساڵانە نەدەگەیشتە 200 هەزار گەشتیار، كەچی ساڵ بە ساڵ ژمارەكە لەبەرزبوونەوەدایە و لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران لە 200 هەزارەوە بۆ زیاتر لە ملیۆنێك بەرزبووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشكرای كرد، چاوەڕێ دەكرێ بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێك گەشتیار بێن سەردانی زاخۆ بكەن، چونكە ساڵ بە ساڵ رێژەی هاتنی گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی و بیانی لەزیادبووندایە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە زاخۆ داوە، بەتایبەت بە كەرتی گەشتیاری .
وشە/ بڵند ئیبراهیم