وەزارەتی دارایی عێراق دابینكردنی پارە بۆ مووچە ڕەت دەكاتەوە

:: PM:01:50:12/05/2025 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕەتی دەكاتەوە تەیف سامی ڕەزامەندیی دابێت لەسەر دابینكردنی مووچە بۆ خەڵكی سووریا.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، لە پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا دەنگۆیەك بڵاو بووەتەوە، گوایە تەیف سامی وەزیری دارایی ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی مووچەی خەڵكی سووریا داوە، ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە و درۆیەكی شاخدارە.

دارایی دووپاتیشی دەكاتەوە، سیاسەتی دارایی لەسەر بنەمای ستانداردی پیشەیی و تەنیا لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان دامەزراوە، هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچە یان هاوكاریی دەرەكی نادرێت مەگەر لە چوارچێوەی فەرمیدا نەبێت.

بڵاوبوونەوەی دەنگۆكە و ڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە، حكوومەتی عێراق خۆی كێشەی كورتهێنانی بودجە و كەمیی پارەی كاشی هەیە بۆ دابینكردنی مووچە، سەرەڕای ئەمە هەرچەندە 12 ڕۆژ بەسەر مانگی پێنجدا تێپەڕیوە، كەچی هێشتا وەزارەتی داریی عێراق پارەی مووچەی مانگی چواری خەڵكی كوردستانی نەناردووە.



وشە - سۆران عەزیز