وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی بڵاو كردەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا پارەی مووچەی تەمویل كرد.
وەزارەتەكە رای گەیاندووە، ڕۆژی چوارشەم 14ی ئایاری 2025، دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دەكرێت و ڕۆژی یەكشەم 18ی مانگ كۆتایی بە دابەشكردنەکە دێت.
هەر ئەمرۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە، تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی.
ئاماژە بەوەش كراوە، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق.