دوای بڕیارەكەی ترەمپ نرخی لیرەی سووری بەرز بووەوە

:: PM:09:42:13/05/2025 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر داوای شازادەی جێنشینی سعوودیە بڕیاری لابردنی سزاكانی سەر سووریای دا، كە ساڵانێكە بەسەر ئەو وڵاتەی سەپاندووە، لە دوای بڕیارەكە نرخی لیرەی سووری بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەرز بووەوە.

ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعوودیی ئەمەریكی رای گەیاند كە سزاكانی سەر سووریا لادەبات و هەلێكی بۆ گەشەسەندنی پێ دەبەخشێت، ئەو سزایانە كاتی خۆی پێویست بوون و ئابووریی ئەو وڵاتەیان پەك خستبوو، بەڵام ئێستە كاتی لابردنی هاتووە بۆ ئەوەی سووریا بگەشێتەوە.

لە دوای بڕیارەكە بە چەند سەعاتێك نرخی لیرەی سووری بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەرز بووەوە و بەپێی سەرچاوە بانكییەكان لە دیمەشق، نرخی دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرەی سووری بە زیاتر لە 15% دابەزی، لەناو گەشبینیی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتە لە دوای لابردنی سزاكانی ئەمەریكا. 

بەپێی میدیاكانی سووریا نرخی لیرەی سووری بەرانبەر بە دۆلار لە 12 هەزار لیرە بۆ دۆلارێك گەیشتە 11 هەزار لیرە بۆ دۆلارێك، ئەوەش یەكەم بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی سوورییە بەرانبەر بە دۆلار لە ماوەی چەند ساڵێك، بەتایبەتی كە واشنتن لە 2011 گورزەیەك سزای دارایی و ئابووری خستە سەر رژێمی بەشار ئەسەد لە چوارچێوەی یاسای قەیسەر كە كەرتە ئابوورییە گرنگەكانی سووریای كۆت كرد و بووە هۆی داڕمانی نرخی دراوەكەی و بەرزبوونەوەی رێژەی كورتهێنان و هەژاری و بێكاری لەو وڵاتە.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل