حكوومەت رەزامەندیی دا بە دروستكردنی 52 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون لە سلێمانی

:: AM:09:01:14/05/2025 ‌
لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، سلێمانی چەندان پڕۆژەی گرنگی وەبەرهێنانی لە بواری خانووبەرەدا تێدا كراوەتەوە، دەستەی وەبەرهێنانی شارەكەش دەڵێت: رەزامەندیی بە دروستكردنی 52 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون دراوە، لەو 52 پڕۆژەیە 15 پڕۆژەیان زەوییان بۆ دابین كراوە.

لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەرفەت رەخسێنرا تا سلێمانیش وەك هەولێر وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و شارەكە ببووژێتەوە، ئێستە سلێمانی بووەتە شاری پڕۆژەی وەبەرهێنان، بەتایبەت لە بواری خانووبەرەدا چەندان پڕۆژەی گەورەی تێدا جێبەجێ كراوە و چەندانی تریش بەڕێوەن.

ئامانج جەلال بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە وەكالەت رای گەیاند، لە سلێمانی 52 پڕۆژەی نیشتەجێبوون رەزامەندییان هەیە و 15 پڕۆژەیان زەوییان بۆ دابین كراوە.

گوتیشی، لە مانگی ئابی ساڵی 2023وە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون راگیراوە، بەڵام بەر لەو وادەیە، زیاتر لە 100 داواكارییان بۆ دروستكردنی پڕۆژە بۆ بەرز كراوەتەوە و پاش وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و دابینكردنی زەوی، لە ساڵانی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێن.

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی گوتیشی، ئێستە هیچ داواكارییەكی تازە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون وەرناگیرێت و زیاتر لە 25 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێكردندان، ئەگەر سەرجەمیان بەكۆتا بێن، نزیكەی 70 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع كەمتر لە 10 هەزار یەكە لە بازاڕدایە، چونكە وەبەرهێنەرەكان ئێستە باڵەخانەیەك یان چەند یەكەیەك دروست دەكەن، دەیخەنە بازاڕ و دەیفرۆشن، دواتر باڵەخانەی تر و ژمارەیەك یەكەی تر دەخەنە بازاڕەوە.



وشە - سۆران عەزیز