سەرۆك بارزانی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەی بەغدا لەگەڵیان رای گەیاند: "وایان لێ كردووە وا دەزانرێت خەبات و تێكۆشانی ئەم میللەتە ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەركردە و شەهیدە بۆ داواكردنی مووچە بووە."
سەرۆك بارزانی باسی لەوەش كرد، ئەگەر خەبات بۆ مووچە بووبێت، "دەوڵەتانی پێشتر دەستیان ماچ دەكردین."
هۆكاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران بە گوتەی سەرۆك بارزانی، "بە رێنمایی لایەنی ناوخۆیی بووە."
سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە كۆنگرەی یەكگرتنەوەی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد، لە بەشێكی گوتارەكەیدا باسی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد و ڕای گەیاند، كاتی ئەوە هاتووە بە زمانێكی زۆر ڕوون لەگەڵ بەغدا قسە بكەین.
سەرۆك بارزانی لە گوتارێكەیدا، لەبارەی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا گوتی: "ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەكان بیانەوێت، عێراق سەقامگیر بێت و خەڵكەكەی بەختەوەر بێت، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەر سێ بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق كە لە دوای ساڵی 2003 عێراقیان لەسەر دامەزرێنراوە.. ئەگەر ئەوە نەكرێت، پێم وا نییە دۆخی عێراق سەقامگیر ببێت."