ترەمپ: لە ماوەی چوار رۆژ لە كەنداو چوار تریلیۆن دۆلارم كۆكردووەتەوە

:: PM:05:55:15/05/2025 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە 13ی ئەم مانگە دەستی بە گەشتێكی بۆ ژمارەیەك وڵاتی كەنداو كرد، گەشتەكەی هەریەك لە سعوودیە و قەتەر و ئیماراتی گرتەوە كە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەكەن، ئەو دووپاتی كردەوە كە لەو گەشتەی بە بەهای چوار تریلیۆن دۆلار گرێبەستی واژوو كردووە.

ترەمپ لە میانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كارسازان لە دۆحە گوتی، ئەو گەشتە پێوانەیی بوو، پێشتر وا نەبووە كە لە نێوان 3.5 بۆ چوار تریلیۆن دۆلار لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژ كۆ بكرێتەوە، وەك ئاژانسی "فرانس پرێس"، ئاماژەی بۆ كرد.

رۆژی سێشەم ترەمپ گەشتەی بۆ سعوودیە دەست پێ كرد و دوێنێ چوارشەم گەیشتە قەتەر و ئەمڕۆش لە ئیماراتە، لە سعوودیە بە بەهای 600 ملیار دۆلار گرێبەستی واژوو كرد، كە رەنگە لە قۆناغی داهاتوو بكاتە تریلیۆنێك دۆلار وەك محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە باسی كرد، لە قەتەریش بە بەهای 1.2 تریلیۆن دۆلار رێككەوتن و گرێبەستی واژوو كرد، چاوەڕوان دەكرێت لە ئیماراتیش بە هاوشێوە بێت، بەتایبەتی لە رووی ژیریی دەستكرد و تەكنۆلۆجیاوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل