فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رای گه‌یاند، متمانه‌ى وڵاتان به ئابوورى عێراق زیاد ده‌كات، بۆیه قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى بیانى له عێراق گه‌یشتووه‌ته 87 ملیار دۆلار.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 19ى ئایار، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له
راگه‌یه‌نراوێكدا لێدوانه‌كه‌ى فوئاد حوسێنى بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، "عێراق ده‌ستى به وه‌به‌رهێنان له گازى سروشتى كردووه و پێشبینى ده‌كرێت به هاتنى 2028 به ته‌واوى گاز به‌رهه‌م بێت".
فوئاد حوسێن له كۆڕبه‌ندى گفتوگۆى تاران ئه‌و لێدوانانه‌ى داوه و باسى ئه‌وه‌شى كردووه، حكوومه‌تى عێراق پلانى داناوه بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه ئابوورییه‌كانى عێراق جۆراوجۆر بكرێن. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ڵێ، "عێراق ئێسته وه‌به‌رهێنانى بیانى به‌خۆ ده‌بینێ كه به‌هاكه‌ى 87 ملیار دۆلاره، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه به ئابوورى عێراق".
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق جیا له ته‌وه‌رى ئابوورى، له كۆڕبه‌نده‌كه له‌سه‌ر چه‌ندان بابه‌تی سیاسیش لێدوانى داوه.