وەزیری سامانە سروشتییەكان: گرێبەستەكان كاریگەرییان لەسەر كەرتی نەوت و وزە دەبێت

:: AM:08:50:20/05/2025 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو گرێبەستی وزە لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی واژوو كرد، وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت، ئەو دوو گرێبەستە گۆڕانكاری بەسەر كەرتی وزە و نەوت دەهێنێت.

بەسەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ ئەمەریكا، لە ڕێوڕەسمێكدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریكا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕێوڕەسمی واژووكردنی دوو ڕێككەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا ئەنجام درا.

كەمال محەمەد وەزیری كارەبا كە هاوكات وەزیری سامانە سروشتییەكانە بە وەكالەت، لە واشنتنەوە ڕای گەیاند، گرێبەستەكان هاوشێوەی ئەوانەی پێشوون كە هاوبەشین.

باسی لەوەش كرد، مەزەندە دەكرێت داهاتی هەردوو گرێبەستەكە بە نرخی ئەمڕۆ بگاتە 110 ملیار دۆلار.

باسی لەوەش كرد، ئامانجی گرێبەستەكان دابینكردنی وزەیە بۆ ناوخۆ و مەزەندە دەكرێت قۆناغی یەكەم بە 18 تا 20 مانگ تەواو دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە گرێبەستەكان نەك هەر بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو سوودی بۆ عێراقیش هەیە و پلانیان هەیە غاز بۆ ماڵان دابین بكەن، پاش پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، هەناردەی بكەن.


وشە - رامیار جەواد