ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك بوو هه‌ر دۆلارێك له خوارووی 83 هه‌زار تمه‌ن مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرا و له‌و ئاسته‌دا جێگیر بووبوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له ژێر كاریگه‌ریی قسه‌كانی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران، نرخی تمه‌ن دابه‌زی و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ زیاتریش دابه‌زێت.
به‌ر له‌وه‌ی گه‌ڕی چواره‌می دانوستانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له مه‌سقه‌ت به‌ڕێوه بچێت، دۆخه‌كه بۆ تمه‌ن له‌بار بوو و هیوایه‌ك هه‌بوو نرخه‌كه‌ی به‌رز ببێته‌وه، به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه، تمه‌ن به جێگیری مابووه‌وه و به ته‌واوی دیار نه‌بوو ئه‌نجامه‌كانی چی ده‌بێت، هه‌رچه‌نده هه‌ریه‌ك له ئێران و ئه‌مه‌ریكا به ئه‌رێنییان ناو بردبوو.
له دوو رۆژی رابردوودا له‌گه‌ڵ باسكردن له به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی پێنجه‌می دانوستان، ئێران و ئه‌مه‌ریكا پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر قسه‌یان كردووه و ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی، رێگه ناده‌ن ته‌نانه‌ت ئێران به رێژه‌ی 1% یۆرانیۆم بپیتێنێت، ئێرانیش پیتاندنی به مافی خۆی زانیوه و نوێترین قسه كه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن كه‌سی یه‌كه‌می كۆماری ئیسلامی گوتراوه ئه‌وه‌یه، دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا ئه‌نجامی نابێت.
دوای قسه‌كانی خامنه‌یی، دۆلار كه به‌هاكه‌ی بریتی بوو له 82 هه‌زار و 700 تمه‌ن، بۆ 85 هه‌زار تمه‌ن گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هات .
گه‌ڕی یه‌كه‌می كۆنفرانس به‌های دۆلاری له 106 هه‌زار تمه‌نی كه‌م كرده‌وه بۆ 85 هه‌زار تمه‌ن، گه‌ڕی دووه‌میش گه‌یاندییه 80 هه‌زار تمه‌ن و گه‌ڕی سێیه‌م به‌هاكه‌ی دابه‌زاند به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و ته‌قینه‌وه گه‌وره‌یه‌ی له به‌نده‌ر عه‌باس رووی دا و نرخی دۆلار گه‌یشته سه‌رووی 86 هه‌زار تمه‌ن، دواتر به‌رده‌وامیدان به دانوستان به‌های دۆلاری له نێوان 82 هه‌زار و 500 تمه‌ن تا 83 هه‌زار و 500 تمه‌ن جێگیر كردبوو. هه‌ر دۆلارێك ساڵی رابردوو له‌م كاته‌دا خوارووی 55 هه‌زار تمه‌ن بوو، دوو ساڵ پێشتر خوارووی 30 هه‌زار تمه‌ن و حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خوارووی پێنج هه‌زار تمه‌ن بوو، تمه‌ن له ژێر كاریگه‌ریی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه.
دۆناڵد تره‌مپ گوتوویه‌تی به خۆشی یان به ناخۆشی، پێویسته ئێران واز له چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی بهێنێت و مه‌رجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر دانوستان كۆتایی پێ بێت و ئه‌مه‌ریكا رێگه‌چاره‌ی دووه‌م به‌كار بێنێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ به‌های دۆلار خێرا بگاته سه‌رووی 100 هه‌زار تمه‌ن و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و 150 هه‌زار تمه‌ن و زیاتریش بڕوات.