وەك بیەوێ پێوانەی كاردانەوەی ترەمپ بكات و سەرنجی ئەمەریكا بە لای رابكێشێت، عێراق دەیەوێ لە رێگەی كۆمپانیا چینییەكانەوە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی زۆر زیاد بكات و بیگەیەنێتە ئاستی حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی لە 2019 لەژێر ناوی "نەوت بەرانبەر بە ئاوەدانكردنەوە" واژوویان كردووە.
ماڵپەڕی
"ئۆیڵ پرایس"ی ئەمەریكی تایبەت بە هەواڵ و داتاكانی بواری نەوت و وزە لە دنیا لە راپۆرتێكی ئاماژەی كرد كە حكوومەتی عێراق رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای "جیۆ جید پترۆلیەم"ی چینی بۆ فرەوانكردنی بەرهەمی كیڵگەی نەوتی تووبە و دروستكردنی پاڵاوگەیەك و دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا واژوو كردووە، دەستەوارەكە دروستكردنی دامەزراوەیەكی پترۆكیمیایی و كارگەیەكی پەین لەخۆ دەگرێت، توانای ئەو پاڵاگەی بڕیارە دروست بكرێت 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و توانای یەكێك لە وێستگەكانی كارەباش 650 مێگاواتە و ئەوەی تریان كە كارگەیەكی تیشكی خۆرە تواناكەی 400 مێگاواتە.
راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە ئێستە ئەو كۆمپانیا چینییە لە عێراق لە كێڵگەی خانە كار دەكات و بڕیارە لە 2026 دەست بە بەرهەمهێنانێكی فرەوان بكات، لەوكاتەی ئێستە 66%ی بەرهەمی نەوت و غازی عێراق لە لایەن كۆمپانیا چینییەكان بەڕێوە دەبرێت، ئەوانەش لە چوارچێوەی خواستەكانی حكوومەتی عێراق بۆ گەیاندنی بەرهەمی رۆژانەی نەوتەكەی بۆ حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، كە ئێستە لە ئاستی چوار ملیۆنە، كە ئەوەش لە لایەك كێشەی بۆ گرووپی ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی تری نەوت دروست دەكات، لە لایەكی تر لەگەڵ ئەمەریكا كە رێگرە لە بوونی رۆڵی كۆمپانیا چینییەكان لە عێراق و ناوچەكە.