دەستەی وەبەرهێنان رای گەیاند، لە پێناو گەشەپێدان و بووژاندنەوەی زیاتری كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی و پێدانی ڤیزە و نشینگە بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتییانی بیانی، بڕیار درا نشینگە بە كەسی بیانی بدرێت.
دەستەی وەبەرهێنان بڵاوی كردەوە، لە دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا بە پێدانی نشینگەی وەبەرهێن لە ماوەی سێ ساڵ بۆ پێنج ساڵ بە كەسی بیانی وەبەرهێن، "خۆی و هاوسەر و منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و دایك و باوك"، لە دوای كۆتاهاتنی ماوەی نشینگـەكەی، بۆ هەمان ماوەی ئاماژە پێكراو درێژ دەكرێتەوە.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، پێدانی نشینگەی كار بۆ كەسی بیانی بۆ ئەوانەی داوای دەكەن، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك تا سێ ساڵ دەبێت، "خۆی و هاوسەر و منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و دایك و باوك"، بەو مەرجەی نرخی یەكەكەی نیشتەجێبوون لە 50 هەزار دۆلاری ئەمەریكی كەمتر نەبێت، لە دوای كۆتاهاتنی ماوەی نشینگەكەی، بۆ هەمان ماوەی ئاماژە پێكراو، درێژ دەكرێتەوە.
دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، بڕیارەكان چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئامانج لێی گەشەپێدانی زیاترە بە كەرتی وەبەرهێنان، راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاسانكارییە بۆ پێدانی ڤیزە و نشینگە بە وەبەرهێنەر و هاووڵاتییانی بیانی.