قایمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، شارەكە لە بەرهەمهێنانی هێلكەو گۆشتی سپی لە پێشینەی پارێزگاكانی عێراقە، بەجۆرێك 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی مریشك لە كاردان كە بەرهەمی ساڵانەیان 650 ملیۆن هێلكەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم29ی ئایار، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری كۆبووەوە و كە تێیدا باس لەوەكرا كە سلێمانی لە بەرهەمهێنانی هێلكەو گۆشتی سپی "مریشك" لە پێشینەی پارێزگاكانی عێراقە، بەجۆرێك 14 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی مریشك لە كاردان كە بەرهەمی ساڵانەیان 650 ملیۆن هێلكەیە، نیوەی ئەو بەرهەمە پێداویستییەكانی بازاڕی سلێمانی پڕدەكاتەوە و نیوەكەی تریشی دەنێردرێت بۆ بازاڕەكانی تری هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بەگوتەی قایمقامی شارەكە، حەوت پرۆژەی تری بەرهەمهێنانی هێلكە لە قۆناغی تەواوبووندان كە بەرهەمی هێلكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوەكرا، 12 پرۆژەی هەڵهێنانی جوجك لە سلێمانی هەیەو بەرهەمەكەیان دەنێردرێت بۆ كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە جۆرێك لە سنووری سلێمانی 620 كێڵگەی پەلەوەری مۆڵەتپێدراو هەیە كە توانای بەرهەمهێنانیان دەگاتە 350 تۆن مریشك لە رۆژێكدا، لەو بڕەیش 150 تۆنی رۆژانە لە بازاڕەكانی سلێمانیدا ساغدەكرێتەوە، رێژەی %60ی بەرهەمەكەش دەنێردرێت بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.