گرووپی ئۆپێك پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەكات

:: PM:05:54:31/05/2025 ‌

ئەمڕۆ شەموو گرووپی ئۆپێك پڵەس رای گەیاند كە هەشت ئەندامی گرووپەكە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی تەمووزی داهاتوو بە قەبارەی 411 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپەكە بڕیاری دابوو بۆ هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران بە هەمان بڕ، واتە 411 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەمهێنان زیاد بكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی گرووپەكە، ئەو دەوڵەتانی زیادكردنی بەرهەم دەیانگرێتەوە بریتین لە سعوودیە و رووسیا و عێراق و ئیمارات و كوێت و جەزائیر و عومان و كازاخستان، بڕیارەكەش لە دوای ئاماژە ئەرێنییەكانی بازاڕی نەوت دێت، لەوانە كەمبوونەوەی ئەمباری نەوت لە دنیا و باشبوونی پێشبینییە ئابوورییەكان، ئەوەش وای كردووە وڵاتانی ئەندام لە گرووپەكە بۆ هاوسەنگكردنی پێویستییەكانی بازاڕ بەرهەمهبێتنان زیاد بكەن.

بەپێی بەیاننامەكە ئەو وڵاتانە پێشتر خۆویستانە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان بە قەبارەی  1.65 ملیۆن بەرمیل راگەیاندبوو، كە ئەو كەمكردنەوەیە تا كۆتایی 2026 بەردەوام بێت، كەچی لە نیسانی رابردووەوە دەستیان بە زیادكردنی بە هەنگاوی بەرهەمهێنان كرد و بۆ مانگی ئایار بە قەبارەی 411 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەمهێنیان زیاد كرد، بڕیاریشە بۆ هەردوو مانگی حوزەیران و تەمووز بە هەمان قەبارە بەرهەمهێنانی رۆژانە زیادی بكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل